هەولێر-KDP.info- پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، ١٣ ی ١ی ٢٠٢١ ی لیژنەی باڵای روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان: لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بریاردرا:
١- رۆژی شەممە، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١، خوێندن لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، بەهەموو بەشەکانیەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.
٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت. رۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بڵاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.
٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەوکاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە.
٤- لە رۆژی شەممە ١٦ی ١ تا ماوەی یەک هەفتە، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە و لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێتەوە، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.
٥- رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێت و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوام بوونی خوێندنە، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن، کە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووە، هەماهەنگی دەکەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەکە.
٦- لەڕووی پرەنسیپەوە، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی وپەیمانگاکان، حکومی و ناحکومی، کە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١ دەستپێبکات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەکانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.
پارێزراو تەندروست ساغبن.
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
13/1/2021