Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"جگە لە پۆلی ١٢، تەواوی قۆناغەکانی دیکە مانگی سێ دەست بە خوێندن دەکەنەوە"

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە وەزارەتی ناوخۆ کۆ بووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، حەفتەی داھاتوو خوێندن تەنیا بۆ قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەکرێتەوە و قۆناغەکانی دیکەش دوا خراوە بۆ سەرەتای مانگی ئادار.

د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرێنس کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای خستنە ڕووی ڕاپۆرتی ھەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی بڕیار درا سەرەتای حەفتەی داھاتوو پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەست بە دەوامی فەرمیی خۆیان بکەنەوە و بۆ قۆناغەکانی دیکەش لە ١ی مانگی ئادار دەست بە دەوامی قوتابخانەکان دەکرێت، لە سەرەتای مانگی شوباتیش دووبارە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆ دەبێتەوە."

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئەولەویەتی حکوومەتی ھەرێم دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانە لە کاتی خۆیدا و نامانەوێ دابەشکردنی مووچە ببێتە ھەواڵی بەپەلەی میدیاکان، بەڵام حکوومەت جگە لە مووچە، خەرجی دیکەیشی ھەیە."

د. جووتیار عادل ڕوونی کردەوە: "حکوومەت خەریکی پێداچوونەوەیە بە خەرجی و داھاتەکان تا ھەموو داھاتەکان بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی و پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەکاری بۆ دەکرێت، بە شێوەیەک یەکسانیی تێدا ھەبێت و لیژنەیەک ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە."

قائید میرۆ