Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری گشتی بۆ KDP: باجی سەر ئۆتۆمبێل، تەنها ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان دەگرێتەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری رایدەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ باجێكی زیاد نەكردووە و ئەوەی كە هەیە، رێَكخستنەوەیە بۆ باجەكان. دەشڵێ، باجی سەر ئۆتۆمبێل، تەنها ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان دەگرێتەوە.

د. كەمال وەرتی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بڕیارانەی كە دوێنێ بە واژۆی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەرچوونە، زیادكردنی باجی تێدا نییە، تەنها رێكخستنەوەی وەرگرتنی باجە، ئەویش بە‌ وەرگرتنی باجی راستەقینە لە كۆمپانیاكان".

لەبارەی باجی سەر ئۆتۆمبێلیش، دڵنیایی بە هاووڵاتیانی كوردستان دا، كە بۆ ئەم بابەتە رێنمایی دەردەچێت و تەنها ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان دەگرێتەوە، نەك ئۆتۆمبێلی ئاسایی كە زۆرینەی خەڵك لە كوردستاندا هەیانە.

وەرتی راشیگەیاند: "سەرجەم بڕیارەكان لە ماوەی شەست رۆژ دوای دەرچوونی فەرمانەكە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە و چاوەڕێش دەكەین داهاتی باج بەم رێكارانە زیاد ببن، چونكە رێكخستنەوەی باشی بۆ دەكرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان ئاماژەی بەوەش دا، ساڵی رابردوو بە هۆی نەدانی باجەوە زیاتر لە 100 كۆمپانیا دراونەتە دادگا و چەندین كۆمپانیاش سزا دراون. 

 

هێدی كاكەیی