Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەت، پەرلەمان ئاگادار دەكاتەوە

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بە چاكسازی لە مووچەی خانەنشینیی پلە باڵا كردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلای دەكاتەوە و ئەنجامەكەی رادەگەیەنێت. دەشڵێ: "حكوومەت لە مانگی دوودا دووەم ڕاپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەكات".

مستەفا سەعید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "پرۆسەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان لە لایەن كابینەی نۆیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستا لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٦ھەزار مووچەی نایاسایی بڕدراوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتێكی باش بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە و چەندی مووچەی نایاسایی ببڕدرێت، داھاتی زیاتر بۆ ھەرێم دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو چاكسازییەی حكوومەت دەستی پێكردووە، زۆر گرنگە و رێكخستنەوەی داھاتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانە".

سەعید گوتیشی: "ئێستا كار لەسەر فایلی خانەنشینانی پلە باڵا دەكرێت، كە سەرووی ھەزار پلەیە و فایل بە فایل پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت و ھەر خانەنشینێكی پلە باڵا بە حەقی خۆی خانەنشین نەكرابێت، جا بە پلەی لیوا بێت یاخود ھەر پلەیەكی دیكەی باڵا بێت، مووچەكەی دەبڕدرێت، بۆیە بە چڕی كاری تێدا دەكرێت و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلایی دەكرێتەوە و ئەنجامەكەی ڕادەگەیەندرێت، چونكە حكوومەت بڕیاری داوە لە ھەموو سێكتەرەكان چاكسازی بكات و بەردەوامیش دەبێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "حكوومەت بڕیاری داوە پەرلەمان لە ھەموو چاكسازییەكان ئاگادار بكاتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا راپۆرتی سێ مانگی بۆ پەرلەمان بە ھەموو وردەكارییەكانەوە ڕەوانە كرد و بڕیارە لە مانگی دووشدا راپۆرتی دووەم بۆ پەرلەمان رەوانە بكات، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە كە پەرلەمان ئاگاداری كار و چاكسازییەكانی حكوومەت بێت".

 

بڵند ئیبراھیم