Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میسال ئالووسی: وڵاتان دەستیان خستووەتە نێو ھەناوی عێراقەوە

بەغدا-KDP.info- ئەو هێزە میلیشیاییانەی بەدەر لە یاسان، بوونەتە هەڕەشە لەسەر خاکی عێراق و بەردەوام هەڕەشە لە بارەگا و ناوەندە دیپلۆماسییەکان دەکەن. سیاسەتمەدارێکی عێراقی لەوبارەیەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، عێراق بووەتە قەڵغان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و گۆڕەپانی تەسفیەحیساباتی ناوچەکەیە، ئەمەش دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئایندەی عێراق.

میلیشیاکان و هەندێک گرووپ جگە لە ناوەندە دیپلۆماسییەکان و کۆنسووڵخانەکان، هێڕشیان کردە سەر بارەگای لقی پارتییش و سەرۆک بارزانی ئەو هێزانەی بە ''بەدەر لە یاسا'' وەسف کرد.

ساڵی ٢٠٢٠ لە عێراق ساڵێکی پڕاوپڕ بوو لە کێشەی سیاسی و میلیشیا و هێزە بەدەر لە یاساکان بوونەتە هۆکاری تێکدانی ڕەوشی سیاسی و ئابووریی عێراق. لەو بارەیەوە، میسال ئالووسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕەوشی عێراق بەهۆی میلیشیاکانەوە تێك چووە و وڵاتانیش دەستیان خستووەتە نێو هەناوی سیاسیی عێراقەوە، بۆیەشە ئێمە وەک قەڵغانی سیاسی بەکار دەهێنرێین."

دیپلۆماتکارانی ئیدارەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ئەوان یەک ''بژاردە''یان هەیە، ئەویش کەمکردنەوەی نفووزی میلیشاکانە، بۆیەشە ئەوان لە عێراق هەموو کارێک دەکەن تا ئامانجەکانیان بپێكن.

ئالووسی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێویستە ساڵی ٢٠٢١ ساڵی تەسفیەی میلیشاکان لە عێراق بێت و ناکرێت ئەمانە ببنە هۆکاری وێرانیی وڵاتێکی وەک عێراق، چونکە تا دێت میلیشیا و گرووپەکان ڕوو لە زیادبوونن و چالاکییان بەرفرەوانتر دەکەن.

ئەمەریکا هەڕەشەکانی میلیشیاکان تەنیا بۆ سەر خۆی نابینێت، بگرە لەسەر حکوومەتی عێراقیش بە مەترسییان دەزانێت و، هەرچەند ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق کەم دەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هەر ماونەتەوە.

سەرچاوە دیپلۆماسییە بیانییەکانیش دەڵێن، ساڵی ٢٠٢١ دەبێتە ساڵێکی موفاجئە بۆ میلیشیاکان و تەسفیە دەکرێن و ئەمەریکاش هۆشداریی پێیان داوە.

كــاروان بــاعەدری