Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی دەستپاكی: ھەنگاوەكان دەستیان پێكردووە.. چاكسازییەكه‌ گشتگیره‌

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو ھەنگاوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە لە بڕینی مووچەی نایاسایی ناویەتی، ھەنگاوێكی گرنگ و زۆر باشە و دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەنگاوی دیكەی بەدواوە بێت و دەستپێكێكە بۆ چاكسازییەكی گشتگیر.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، كە پرۆسەی بایۆمەتری ئەنجام درا، دەركەوت خەڵكانێكی زۆر دوو مووچەیان ھەیە و ئێستا لە یاسای چاكسازی ئەو ھەنگاوە جێبەجێ دەكرێت و مووچەیان دەبڕێت، كە ھەنگاوێكی زۆر باشە و لە سەرەتای ساڵەوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێكی باش بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، چونكە لە ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵێك كۆسپ ھەبوون بە ھۆی نەخۆشیی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی دەوامی فەرمانگەكان، بەڵام ئێستا كە ھەر لە سەرەتای ساڵەوە ھەنگاوەكان دەستیان پێكردووە، زۆر گرنگە.

ئەنوەر گوتیشی: "ئەوە ھەنگاوێكی باشە لە ڕووی ئابوورییەوە و داھات بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، ھەنگاوی دیكەش ھەن ھێشتا ماوە حكوومەت بیانھاوێژێت، كە بریتین لە پاككردنەوەی لیستی زیندانیانی سیاسی و شەھیدان و خانەنشینان، لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك ماددەی تێدایە، كە پێكهاتوون لە یەكخستنی خانەنشینی و دروستكردنی فایل بۆ خانەنشینان و یەكخستنی ژمێریارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە ئەو ھەنگاوە زۆر ئەرێنییە و ھیوادارین ھەنگاوی زیاتر بنرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو وردەكارییەكان ئێمەش ئاگادار دەكاتەوە و لەو راپۆرتەی بۆ پەرلەمانیشی رەوانە كرد، كۆپییەكی بۆ ئێمەش نارد و كۆنتاكتی باشمان ھەیە لەگەڵ حكوومەت، ئێمەش چاودێرییان دەكەین لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و پێمان وایە ئەوە دەبێتە ھەنگاوێكی باش بۆ جێبەجێكردنی یاسایەكی گشتگیر".

روونیشی كردەوە: "ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەنگاوی دیكەی بە دواوە بێت و حكوومەتێكیشمان ھەیە، كە حكوومەتێكی كارایە و دەستی بە چاكسازی كردووە، چونكە ئەوەی حكوومەت دەیكات، باشتركردنی كاروباری حكوومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشترە بە خەڵكی ھەرێمی كوردستان".

 

بڵند ئیبراھیم