Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەسرۆ گۆران، داوایه‌ك لە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەموو عێراق دەستی پێكردووە و، ئەمساڵیش سێ تەمەنی نوێ لە هاووڵاتیان دەتوانن دەنگ بدەن و پێویستە سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن، بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بكەن. داواشی لە كادیرانی پارتی كرد، سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن تا لە ناوەكانیان دڵنیا بن.

خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ھەموو عێراق پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستی پێكردووە و ھەموو خەڵك دەتوانن سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن، بۆ ئەوەی ناوی خۆیان ئەبدەیت بكەنەوە و ئەوەی ناوی نییە زیادی بكات یان بگوازێتەوە، ئەمجارەش موالیدی نوێی ٢٠٠١و٢٠٠٢و٢٠٠٣ مافی دەنگدانیان دەبێت، بۆیە پێویستە سەردانی بنكەكان بكەن بۆ ئەوەی ناویان زیاد بكەن و ئەمجارە دەنگ بدەن".

گۆران روونیشی كردەوە: "پێویستە ئەوەی مافی دەنگدانی ھەیە، كارتی ھەبێت و پەنجەمۆری لێ وەرگیرێت و وێنە لەسەر كارتەكەی ھەبێت وەكو ناسنامەیەك، بۆیە داوا لە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین ھەمووان لە ماوەی ئەم مانگەدا سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن بۆ نوێنكردنەوەی ناوەكانیان لە تۆماری دەنگدەران، بۆ ئەوەی ھەر ھەڵەیەك ھەبێت، چارەی بكەن".

لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانیشەوە، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوانەی ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونە، ئەگەر لە ناوچەكانی خۆیان نەبێت، ناتوانن دەنگ بدەن، بۆیە پێویستە سەردانی ناوچەكانی خۆیان بكەن و پسوولەی خۆراك ببەن بۆ ئەوەی بێبەش نەبن و، ئێمەش لەگەڵ كۆمسیۆن لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ھەر كێشەیەك ھەبێت، بۆیان چارەسەر بكەین".

دەشڵێ، ئەوانەی بیانەوێت لە بازنەیەك دەنگ بدەن، پێویستە فۆڕمی خۆراكی ئەوێ بێت و چەند ساڵ بێت لەوێ نیشتەجێ بووبێت، تا مافی دەنگدانی ھەبێت، ئەگەر نا ناتوانێ دەنگ بدات.

 

بڵند ئیبراھیم