مو‌سا ئه‌حمه‌د
کارەساتێکی گه‌وره‌یه له جیهانی ئێمه کەسانێک هه‌بن، ئەگەر بۆ یەک رۆژ خۆیان بە کورد زانیبێ و بۆ یەک دەقیقە کوردایەتیان کردبێ، زمانیان به خراپی به‌رامبه‌ر ئیسماعیل بێشكچی بجوڵێت. بۆ ئێمەی کورد ھەموو داد و فیغانێكمان بۆ نەجووڵانی ویژدانی مرۆڤەکان بووە له بەرامبەر ئەو ھەموو کارەساتەی کە بەسەرمان ھاتوون، کەچی ئێستا خه‌ڵكانێك كه خۆیان به كورد ده‌زانن، پەلار لەو تاکە ویژدانە دەگرن، کە سوقرات ئاسا ئامادەبوو ژەھر بخواتەوە، بەڵام پاشگەز نەبێتەوە لەو راستیانه‌ی كه له ویژدانیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن.
بێشکچی باش دەزانێ و تێگەیشتووە، کێشەی گەورەی كورد خۆ ونكردنه. به شێوه‌یه‌ك به‌ها کۆمەڵایه‌تییه‌کان لاواز بوون، خەریکە بوونییان نامێنێ. ئه‌گه‌رچی باکووری کوردستان زۆرتر لە بەشەکانی تری کوردستان پەیوەست بووه به‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، كه بە درێژای سەدان ساڵ كوردبوونی ئێمەیان پاراست. به‌ڵام بەداخەوە ئێستا كوردانێك بێویژدانی بەرامبەر بێشکچی دەکەن و هه‌ر ئه‌وانیشن كه بوونه‌ته ھۆکاری سەرکی ئەو خۆونکردنەی باکوور.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، لە كولتووری ئێمە هیچ كه‌سێك به‌رامبه‌ر تێڕوانینه‌كانی بێشکچی (سووتاوی کورد) و تێڕوانینی خراپی دوژمن ئاسای نه‌بووه و کەس لە بەرامبەر قسه‌كانی زمانی به خراپی نەدەگەڕا، كه‌چی ئێستا کەسانێک كه سەردامانێک رامانەکانی بێشکچیان بۆ بەرخۆدان و رابوونی نەتەوەیەکی کۆلۆنیالکراو به‌كار ده‌هێنا، كه‌وتوونه‌ته په‌لار و دوژمنایه‌تی بێشكچی.
ئێمەی کورد یەکێک لە کێشە گەورەکانمان ئەوەیە ھەڵسەنگاندن بۆ خۆمان ناکەین.. بۆیه‌ش جێى خۆیه‌تی له‌وانه‌ی دژی بێشكچی وه‌ستاونه‌ته‌وه بپرسین: بزاڤێکی سیاسی پاش ئەم ھەموو خوێن و خەباتە کوا بەرھەمەکەی؟ ئێستا پێگەی لەکوێی نیشتمان دایە؟ بۆچی دەبێ ھێندە دژی کاری تیمی و پێکەوەیی بن؟ بۆچی لە جیھانی ئێستای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن نه‌توانن لەگەڵ هیچ كه‌س و هێزێك لەسەر مێزێک دابنیشن؟ بۆ له خۆتان ناپرسن ئایدیالستی ئێوە بۆچی دەتانخاتە سەنگەری دوژمن! لەکاتێكدا نووسین و پەیامەکانی بێشكچی بۆ ئێوه پێشتر وەک په‌یامی پەیامبەران بوون! ئه‌وه‌ی ئێستا گۆڕاوه، بێشكچی نییه، بێشکچی، ھەر لەسەر باوەڕی خۆیەتی، به‌ڵكو ئەوە ئێوەن خۆتان ونکردووە، ئێوە چاک ده‌زانن نیو سەدە ھزری توندوتیژی کەمالیزم (کە کەم لە نەتەوە ناتورکەکان توانییان به‌رگه‌ی بگرن) زەڕەیەک کاریگەریان لەھزری بێشکچی نەکرد. ته‌نانه‌ت نەیانتوانی ئەو پاشڤە بزڤرینن. دڵنیام لەم تەمەنه‌دا بێشکچی بەکەس ناوەستێ، بێشکچییەک زیندان و ئەشکەنجه‌ی دەروونی کەمالیزم کاری لە باوەڕەکانی نەکردبێ، پەلار و ھەڵچوونی کەسانێکی ترسنۆک و خۆونکەر و کۆرەمار، تۆزقاڵێک کاری تێناکەن، چونكه ئێوە باشتر لە ئێمە دەزانن ئەو سووتاوی راستییە و به‌ڕاستی بێشكچی بە رۆح گەیشتۆتە ئەو حەقیقەتە.
بێشكچی، چل و پێنج کتێبی نوسیوون و ته‌نها یەک تاکە دێڕی له‌و كتێبانه لە دەرەوی راستی بوونی دۆزه رەواكانی کورد نین.. حەڤدە ساڵ و دوو مانگ زیندان، نه‌یانتوانی بۆ ساتێکیش بێشكچی داببڕن لە زه‌روورەتی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی. دواجار بێشکچی رۆشنبیرێكی راستەقینەیە، ئەو لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا نەبووە و نابێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ سەربەخۆیی کوردستان و سەربەخۆخوازاندایە، ھەر لایەنێکیش ئامانجی سەربەخۆیی هه‌بێت، ئه‌وا له‌گه‌ڵ تێگەیشتنی بێشکچی یەک دەگرێتەوە و خۆی به خاوه‌نی هزری بێشكچی ده‌زانێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، هه‌ر لایه‌نێك دووركه‌وتبێته‌وه له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، دوور ده‌بێت له هزری بێشكچی. بۆیه‌ش دڵنیام رۆژێک دێ، رۆژێكی نزیك، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ دژایه‌تی بێشكچی ده‌كه‌ن، ئەو ھەڵوێست و نووسینانەی ئێستایان لە خێزان و دەورووبەریان دەشارنەوە، شەرم دایان دەگرێ و قێز له خۆیان ده‌كه‌نه‌وه، كه رۆژێک قەڵەمەکانیان بەرامبەر ویژدانی مرۆڤایەتی، بەرامبەر بێشكچیی سوقراتی سەدە، خراپ بەکارھێناوە.