Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەمەریکا پڕۆژەکەی سەرۆک بارزانیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان قبووڵ کردووە"

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، سەرۆک بارزانی پلان و ستراتیژیی تایبەتی بۆ ئەو پارچەیەی کوردستان هەبوو. سیاسەتمەدارێکی دێرینی ئەو پارچەیەی کوردستانیش دەڵێت، هەر لە سەردەمی بارزانیی باوکەوە تا سەرۆک مەسعوود بارزانی، پارتی دەیەوێت کوردانی ڕۆژئاڤا بگەنە مافی خۆیان و پڕۆژەی بۆ کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستان هەبووە.

بەوپێیەی هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوورییە و پارچەیەکی ئازادکراوی کوردستانە، سەرۆک بارزانی هەر لە دەستپێکی ئەو شۆڕشەوە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کۆ کردەوە و پێیانی ڕاگەیاند، ئێوە یەکگرتوو بن، هەرێمی کوردستان ماڵی گەورەی خۆتانە و پشتیوانتان دەبێت لە وەرگرتنی هەموو ماف و دەستکەوتێک. لەو بارەیەوە، سەڵاح بەدرەدین، شارەزایی سیاسەتی ڕۆژئاوای کوردستان گوتی: ''سەرۆک بارزانی پڕۆژەی گەورەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو، لە ساڵی ٢٠١١ـوە دوو ڕێککەوتن بۆ ئەم پارچەیە کرا؛ ڕێککەوتنی هەولێر ١ و ٢ و ڕێککەوتنی دهۆک لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە بۆ کاری پێکەوەییی هەردوو لا، بۆ ئەوەی زەمانەتێکی تەواویان هەبێت لە ئایندەی سوووریادا و لە دەستووردا ببنە خاوەنی حوکمێکی زاتی لە چوارچێوەی سووریادا".

پەیەدە لە هەموو ڕێککەوتنەکان پاشگەز بووەتەوە و پەیمانی نەبردووەتە سەر،  سەڵاح بەدرەدین لەوبارەیەوە دەڵێت: "دەبێ بە ڕاشکاوی بڵێین بڕیارەکانی پەیەدە لە سەرووی خۆیانەوە کە پەکەکەیە دێت، بۆیەش ئامانجیان ئەوەیە کورد نایەکگرتوو بن، بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان بەسەر هەموو شتێکدا بسەپێنن و ناشیانەوێت پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە هیچ شوێنێک هەبێت، تەنیا حوکمی تاکە حزبی و تاکە ئایدۆلۆژی قبووڵ دەکەن".

لەو دەستپێشخەرییەی مەزڵووم کۆبانیدا، لایەنەکانی ENKS و PYNK بە چاودێریی ئەمەریکا لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بگەنە ڕێککەوتن، سەرەتا هەردوو لا ڕێککەوتنەکەی سەرۆک بارزانی لە دهۆکیان کردە بنەما بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی. لەوبارەیەوە، سەڵاح بەدرەدین گوتی: ''ئەمەریکا بۆ لێکتێگەیشتنی کورد پڕۆژەکەی سەرۆک بارزانیی لە ڕێککەوتنی دهۆکدا قبووڵ کردووە، پێش ئەوەی ئەمەریکا قبووڵی بکات ئەگەر ئەو پڕۆژەیەی سەرۆک بارزانی لەلایەن پەیەدەوە قبووڵ بکرایە ئێستا دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان باشتر بوو، کوردیش پەرتەوازە نەدەبوون، بەڵام پەیەدە نەیکرد''.

''دەبێ پەکەکە پەند لە ڕۆژئاوا وەربگریت و دەستێوەردانی باشوور نەکات بۆ ئەوەی ئەم هەرێمەش تێک نەدات و دەبێ پەکەکە خۆی لەم دەستکەوتە گەورەیەی کورد نەدات، پەکەکە لەجیاتی ئەوە پشتیوانیی هەرێم بکات دەچێت دژایەتیی دەکات و دوژمن ڕاکێش دەکات بۆ هەرێمی کوردستان.'' سەڵاح بەدرەدین وای گوت.

کــاروان بــاعەدری