Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. مەیادە: دواكەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە، زیانی گەورە بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دواكەوتنی پڕۆژەیاسای گشتیی بودجە لە عێراق، دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر شانی مووچەخۆرانی دەوڵەت و قوڵبوونەوەی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی، كە حكوومەتی عێراق تێیكەوتووە.

د. مەیادە نەجاڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەكو ئێشتا حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ڕەوانەی پەرلەمان نەكردووە، هەرچەندی پڕۆژەكەش دوابكەوێت، زیانی دارایی نەك تەنها بۆ مووچەخۆرانی دەوڵەوت، بەڵكو كاریگەریی تەواوی لەسەر سێكتەر و دامەزراوەكانی دیكەی عێراقیش دەبێت".

نەجاڕ گوتیشی: "ئەگەر حكوومەتی عێراق بەردەوام بێت لە وەرگرتنی قەرزی دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی، ئەوا حكوومەت رووبەڕووی هەرەسی ئابووری و دواجاریش گرفتی دابینكردنی مووچەی بۆ دروست دەبێت".

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی عێراق دەشڵێت: "پێوستە حكوومەت لەبری پەنابردن بۆ قەرز، بیر لە فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات بكاتەوە، ئێستا داهاتی سەرەكیی حكوومەتی عێراق، نەوتە، كە لەگەڵ هەر نزمبوونەوەیەكی نرخەكەی، ئەو دۆخە دروست دەبێ كە ئێستا دەبینرێت".

ئاماژەشی دا، كە ئەوان وەك لیژنەی دارایی، چەندین جار پڕۆژەیان داوەتە سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ڕزگاركردنی ئابووریی عێراق لە چەقبەستوویی و بنیاتنانی ئابوورییەكی پێشكەوتوو.

 

ئەرسەلان ئەحمەد