بەغدا-KDP.info- سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی مسته‌فا كازمی، ئه‌مەریكا پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له عێراق سست كرد. هۆشداریش ده‌دات ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی شیعه دادپه‌روه‌ر نه‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌دا، ئه‌وا حوكمڕانیكردنی عێراق كارێكی قورسە.
عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری (حوار الفكر) رایگه‌یاندووه، ئه‌مەریكییه‌كان بۆ شكست پێهێنانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان تایبه‌ت به ده‌رچوونی هێزه‌كانیان هه‌موو شتێكیان كرد.
عه‌بدولمه‌هدی دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له عێراق جۆرێك له ناڕوونی تێكه‌وتووه و پرۆسه‌كه سست بووه‌و به تایبه‌تیش دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی مسته‌فا كازمی.
سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق به‌رگری له پێكهاته‌ی شیعه ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت "له هه‌ر وڵاتێك له وڵاتانی جیهان، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی زۆرینه زامن نه‌كران، ئه‌وا وڵاته‌كه سه‌قامگیر نابێت، كه شیعه ته‌نیا زۆرینه‌یه‌كی دانیشتوان نین، به‌ڵكو له رۆشنبیری گشتی قورسایی گه‌وره‌یان هه‌یه".
عادل عه‌بدولمه‌هدی له به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆیه‌كدا هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی شیعه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌زانێت و هه‌روه‌ها دادپه‌روه‌ر نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا، ئه‌وا حوكمڕانیكردنی عێراق قورسه".