Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی داوا دەکات چاکسازی لە فایلی بەرکەوتووان بکرێت

هەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوییە و لە کوردستان بەهۆی ڕەفتارە دڕندەکانی ڕژێمەکانی عێراقەوە هەزاران هاووڵاتیی بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی هەیە، کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە داوا دەکەن ڕژێمی عێراق قەرەبووی بەرکەوتووانی هەڵەبجە بکاتەوە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە یاداشتێکدا داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە، چۆن قەرەبووی دەوڵەتی کوێت دەکاتەوە، ئاوهاش دەبێت قەرەبووی هەڵەبجەییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بکاتەوە و، بەدەم کەیسی قوربانیانەوە بێت".

لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: "داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین یاداشتیشیان بۆ بەرز دەکەینەوە پڕۆژەیاسایەک بۆ قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەربکات، کاتێک هەوڵ دەدەین کەیسی هەڵەبجە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەجینۆساید بناسرێت، ناکرێت لە ناوخۆی کوردستان یاسایەک نەبێت پارێزگاری لە قوربانیانی هەڵەبجە بکات".

داوامان کردووە لەو ڤاکسینەی بڕیارە بێتە عێراق و کوردستان، ڕەچاوی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بکرێت و بەشی تایبەتیان بۆ دابندرێت، لە ئاستی کوردستان ٩٧٢ بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی هەیە، ٥٤٨ بەرکەوتوو لە هەڵەبجە داوامان کردووە چاکسازی لە فایلی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بکرێت ئەو کەسانەی بەرکەوتوو نین لاببرێن و ئەوانەی بەرکەوتوون و تاکو ئێستا فایلیان بۆ نەکراوە فایلیان بۆ بکرێت، تیمی پسپۆڕ پێداچوونەوەکان بکەن و تاکوو ئێستا لە کوردستان شارەزای ئەوتۆمان نییە لە چەکی کیمیاوی، کەسانێک نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە، یان چاویان کز بووە بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی نین." سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان وای گوت.

عەزیز ڕەسووڵ