Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. ڤیان: گفتوگۆ بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوامە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق چارە بكرێن، بە تایبەت كێشە داراییەكان. دەشڵێ: "بەردەوام دەبین و گەشبینین بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتن".

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدایە و بەردەوامیش گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بكرێن، بە تایبەت كێشە داراییەكان و بەردەوامیش دەبین تا چارەسەر دەكرێن".

سەبری گوتیشی: "لیژنەیەكی ھەشت كەسی لە پەرلەمانی عێراق دروست كراوە و گفتوگۆ لەگەڵ ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و عێراق دەكەن، بۆ ئەوەی راوێژیان لەگەڵ بكەن و بتوانن بگەنە رێككەوتن، بڕیاریشە ئەو لیژنەیە بەم زووانە سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی مووچەی مانگەكانی 5 و 6 و 7 و 10 بگەڕێنینەوە، چونكە ئەو مووچانە پێش دەركردنی یاسای قەرزی حكوومەت بوون لە پەرلەمان، بۆیە پێویستە رەوانەی بكەن و ئێستاش سەرقاڵی گفتوگۆین بۆ ھەردوو مانگی 11 و 12 بۆ ئەوەی ئەوانیش خەرج بكەن، چونكە مانگەكانی پێشوو لای حكوومەتی عێراق قەرزە".

 

بڵند ئیبراھیم