Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاگرین عەبدوڵڵا: پڕۆژەی ڕێگە سەرەکییەکان تەواو دەکرێن

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەک پڕۆژەی ڕێگەوبان لە واری جێبەجێکردندان و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، پلانی حکوومەت ئەوەیە ڕێگە سەرەکییەکان تەواو بکرێن و جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژەی دیکەش لە پلانی حکوومەتدان.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ڕێگاوبان بەردەوامە و کار بۆ تەواوکردنیان دەکرێت، لەوانەش ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر- گوپال و ڕێگەی سەرەکیی کەلار- دەربەندیخان و ڕێگەی ڕانیە-دەربەندیخان، ئەوانە ھەموویان کاریان تێدا دەکرێت و بڕیارە تەواو بکرێن، چونکە ڕێگەی سەرەکین و پڕۆژەی ستراتیژین".

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت: "سەدان پڕۆژەی دیکەی بواری ڕێگاوبان لە واری جێبەجێکردندان و لە ھەوڵداین پارە پەیدا بکەین بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەت ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانەوە."

ئاگرین عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پلانی ھەیە ھەموو ڕێگە سەرەکی و تۆنێلەکان تەواو بکرێن و ئەولەویەت بۆ ڕێگە سەرەکییەکانە، ئینجا ڕێگە لاوەکییەکان، بەرەوپێشەوەچوونی ھەندێ پڕۆژە پەیوەستە بە ڕەوشی کەشوھەوا، لەبەر ئەوەی دروستکردنی ڕێگە پێویستی بەوەیە کەش لەبار بێت بۆ کارکردن".

جێگەی ئاماژەکردنە ھەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ١٨ ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ خەرج بکرێت، کە پێشتر دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ئاو لە قەندیل بۆ سەنتەری قەزای ئاکرێ و دەوروبەری دابین دەکات.

 

قائید میرۆ