Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن: كێشەی ئێمە سیاسییە و زۆر لە پرسی مووچە گەورەترە

ھەولێر-KDP.info- لە میانەی بەشداریكردن لە بەرنامەیەكی "كوردستان تیڤی"، عـەلـی حوسـێـن، بەرپرسی پەیوەندیی كوردستانی و عێراقی پارتی دیموكراتی كوردستان، تیشكی خستە سەر ڕەوشی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگیكردن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی كە دووچاری ناوچەكە دەبنەوە.

عـەلـی حوسـێـن رایگەیاند: "عێراق دوای 2003، عێراقی شەراكەت و پێكەوەژیانە، بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان ئەرك و مافی دیاری كراوە، لە ماوەی رابردووشدا زۆر هەورزاز و نشێومان بینیوە".

گوتیشی: "هەموو هەوڵشیمان دا لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، بۆ ئەوەی عێراق، عێراقێكی دیموكراسی بێت، كورد و عەرەب و تەواوی پێكهاتەكان لە ژێر چەتری دەستوورێكدا بحەسێنەوە، ئەو دەستوورەش گوزارشت لە بۆچوونی خەڵكی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانی بكات، بەڵام بە داخەوە ئەوە رووی نەدا بە هۆی دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و شكستی بەشێك لە سەركردە عێراقییەكان".

روونیشی كردەوە: "ئاساییە لە كوردستان ڕەخنە و تێبینی هەبێت و، نابێت ئەو ئاراستەیەی كە بوونی هەیە لە هەرێم، لە بەغدا هەبێت، چونكە ئەوە ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە، هەموومان پێكەوە پێویستە هەوڵی بۆ بدەین".

ناوبراو راشیگەیاند: هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی هەیە، تا ئێستاش ئەو مافە بە هەرێمی كوردستان نەدراوە.

دەشڵێ: "لە 2007 ـەوە رێككەوتنمان كردەوە بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز وەك ئەوەی هاتووە جێبەجێ بكرێت لە عێراق، ئەو یاسایەش نێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوانیش زۆرینەن، ئەوانەی بودجەیان بڕیوە، ئەوان زۆرینەن، ئەوان نەیاهێشتووە ئەو یاسایە تێپەڕ بێت".

بەرپرسی پەیوەندیی كوردستانی و عێراقی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەشی دا: "كێشەی ئێمە، سیاسییە و زۆر لە پرسی مووچە گەورەترە، فشارێكی سیاسیمان لەسەرە بۆ ئەوەی شكستی خۆیانی پێ بشارنەوە، هەروەها چاویان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "بەغدا نیەتی نییە كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوور چارەسەر بكات، ئەو پەرلەمانتارە كوردانەش كە بەشێكن لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان، دەتوانیین بە خائین ناویان ببەیەن، ئەوانە بەكرێگیراون".

ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو تیمەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاودەنگن و هەماهەنگن لە كاركردن بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن لەگەڵ بەغدا و چۆنیەتی هەنگاونان بۆ چارەسەركردنیان".

دەشڵێ: "شاندی هەرێم گوزارشت لە خواستی تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات، تا ئێستاش هیچ گرفتێك لەم رووەوە هەستی پێ نەكراوە".

عەلی حوسێن گوتیشی: "زۆر جار گرفت لە نێوان پارتە سیاسییەكاندا هەیە، بەڵام تێگەیشتنی باش هەبووە و بە یەك ئاراستە هەنگاو دەنێین" .

سەبارەت بە موچە و دووئیدارەیی، عەلی حوسێن رایگەیاند: "بابەتی مووچە، بە دووئیدارەیی چارەسەر نابێت، بە ڵكوو بە یەك ئیدارە و بە یەك ئیرادە چارەسەر دەبێت".

لەبارەی پەكەكەشەوە، روونی كردەوە: "گۆڕەپانی پەكەكە، هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو هەوڵی ئەوە دەدات توركیا رابكێشێت بۆ دەستتێوەردان لە هەرێمی كوردستان و لەو ناوچانەی كە پەكەكە بوونی تێدا هەیە، گوتیشی: "پەكەكە بووەتە هۆكارێك بۆ ئاوەداننەكردنەوەی سەدەها گوند و شار و شارۆچكە".