Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ بۆ KDP.info باسی ڕێککەوتنی شنگال دەکات

هەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەوان چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ تیمی حکوومەتی عێراقی بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال ئەنجام داوە و بەردەوامیشن.

ڕێبەر ئەحمەد، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەماندا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، کە لە هەولێر بوو بە مەبەستی تاووتوێکردنی ڕەوشی شنگال بە بەشداریی جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، باسمان لە هەنگاوی کردەیی کرد بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال".

سەبارەت به دانانی قایمقامی شنگال، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، دانانی قایمقامی نوێی شنگال بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێم دەبێت و کەسێكی خەلکی شنگال دادەنرێت و دواتر ناوی بە فەرمیی ڕادەگەیەنرێت.

دەشڵێ، زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پشتیوانی لە  ڕێککەوتنی شنگال دەکەن و بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە لە چوارچێوەی ئیدارەیەکی هاوبەشدا و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی خۆشک و برا ئێزیدییەکان بۆ زێدی خۆیان بە سەربەرزییەوە.

 

 کاروان باعەدری