Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیریى فه‌ره‌نسا ده‌كات

ھەولێر-KDP.info-  سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیریى سیاسى و سه‌ربازى و مرۆییى فه‌ره‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشى له‌ ده‌ستپێشخه‌رى و پڕۆژه‌ى بنیاتنانى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ شه‌نگال كرد كه‌ له‌ ڕێگه‌ى ڕێكخراوێكى ناحكوومیى فه‌ره‌نسییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ڕایگه‌یاند سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیش له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و هاوبه‌شانى دیكه‌، به‌شدارى له‌ بنیاتنانى نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ده‌كات.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24/11/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێزان برونۆ ئۆبێر، باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و ئێریك شۆفالیێ، سه‌رۆكى سه‌نته‌رى پشتگیریى قه‌یرانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى ده‌روه‌ى فه‌ره‌نسا و شاندێكى یاوه‌ریان كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستییان به‌ ڕۆڵ و پشتگیریى فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و به‌رده‌وامیى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان. شاندى میوانیش دووپاتى پشتگیریى وڵاته‌كه‌یان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و به‌رده‌وامیى هاوكارییه‌ مرۆیییه‌كانى كرده‌وه‌.

ده‌رباره‌ى دۆخى ئاواره‌كانى عێراق له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌یان‌، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى خۆویستانه‌یان بۆ شوێنه‌كانیان و پێویستیى دابینكردنى ئاسایش و ئارامى و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان كرده‌وه‌ تا زه‌مینه‌یه‌كى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌یان فه‌راهه‌م ببێت و پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانى شه‌ڕى تیرۆر ئاوه‌دان ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌رێز ئۆلیڤیێ دیكۆتینى، كونسولى گشتیى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، دوایین پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆرستانى داعش، ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش تاوتوێ كران.