Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێشبینی دەکرێت دەوامی قوتابخانەکان بکەوێتە سەرەتای ساڵی نوێ"

هەولێر-KDP.info- بەھۆی ھەڵکشانی ڕێژەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەوامی قوتابخانەکانی بۆ ماوەی مانگێک ڕاگرت و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە مانگی یەکەمی ساڵی نوێ دەست بە دەوام بکرێتەوە.

گولستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان بکەوێتە مانگی یەکەمی ساڵی نوێ، چونکە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان پەیوەستە بە ڕەوشی تەندروستییەوە، ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە دەکەن".

ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی: "بەر لەوەی کۆتایی بەو وادەیە بێت کە لەلایەن حکوومەتەوە بڕیار لەسەر ڕاگرتنی دەوام دراوە، ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە دەکرێت و بڕیاری نوێ دەدرێت".

لەبارەی قۆناغی ١٢ی ئامادەییەوە گولستان باقی ڕوونی کردەوە: "ڕاستە قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی زەرەرمەندی یەکەمن لە ڕاگرتنی دەوام، بەڵام چەند پێشنیارێک ھەن بۆ ئەوەی قەرەبووی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بکرێتەوە، لەوانەش دواخستنی تاقیکردنەوەکانە، بێگومان ھەر بڕیارێک بدرێت بۆ بەرژەوەندیی قوتابیانە".

 

قائید میرۆ