Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی ھەرێم بە وردی چاودێریی بەرھەمھێنانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا دەكات

هەولێر-KDP.info- زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، سەرقاڵی گرێبەستن بۆ كڕینی ئەو ڤاكسینەی بۆ چارەسەری كۆرۆنا بەرھەم دێت و بڕیارە حكوومەتی عێراقیش ١٠ ملیۆن ڤاكسین بكڕێت، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستانیش ئاشكرای كرد، پشكی ھەرێمی كوردستان لەو گرێبەستەی عێراقدایە بۆ كڕینی ڤاكسینەكە.

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی  دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بە چەند قۆناغێك دەبێت، لەوانەش بەكارھێنانی لەسەر ئەو كەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە و دواتر لەسەر تووشبوانی كۆرۆنا تاقی دەكرێتەوە، كە دواتر قۆناغی كۆتایی دەخرێتە بازاڕ و گرێبەستی پێوە دەكرێت، ھەر گرێبەستێكیش حكوومەتی عێراق بۆ كڕینی ڤاكسینەكە ئەنجامی بدات، پشكی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "حكوومەتی عێراق نیەتی ھەیە بۆ كڕینی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا، بە تایبەتی ئەوانەی لە قۆناغی كۆتاییدانە و دەرچوونە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم ئەمساڵ ڤاكسینەكە بگاتە عێراق و ھەرێمی كوردستان".

حەوێزی روونیشی كردەوە، حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی تەندروستی زۆر بە وردی چاودێریی بەرھەمھێنانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا دەكەن، چونكە ئەوە پەیوەستە بە ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و پشكی ھەرێمی كوردستانیش گەرەنتی كراوە لەو گرێبەستەی عێراق بۆ كڕینی ڤاكسینەكە دەیكات.

لەبارەی ئەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خۆی پلانی ھەیە بۆ كڕینی ڤاكسینەكە، د. ئاسۆ جەختی كردەوە: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەی لە دەستی دێت درێغی ناكات و ئەوەی لە توانای حكوومەتدایە دەیخەینە گەڕ بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیانی خۆمان، ئەوەش راسپاردەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانە".

 

قائید میرۆ