Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی باڵوێزخانەی کۆماری بۆلگاریا سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد

هەولێر-KDP.info- لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، لەلایەن بەرپرس و ژمارەیەک لە ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی کرا لە ڤالنتین نیکۆلۆڤ، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی کۆماری بۆلگاریا لە عێراق و و ڤاسیل ڤاسیلێڤ، بەرپرسی کاروباری ئابووری و بازرگانیی باڵوێزخانەی بۆلگاریا لە هەرێمی کوردستان.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە ئامادەبوونی بەرپرسی دێسکی ئەورووپا و یۆنیتەکانی، بە گەرمی بەخێرهاتنی هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی کۆماری بۆلگاریای لە بەغدا و شاندی یاوەریی کرد. لە دیدارێکی سیاسیدا لەگەڵ شاندی بۆلگاریدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سوپاس و ستایشی پشتگیری و هاوکارییەکانی گەل و کۆماری بۆلگاریای کرد لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر و لە ساتەوەختی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر خەڵک و خاکی هەریمی کوردستان. هەروا هاوکاری و پشتیوانییەکانیان لە ئەزموونی دیمۆکراتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بەرز نرخاند و سەرکەوتنی کوردستان و پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی داعش بە سەرکەوتنی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگای شارستانی زانی بەسەر تاریکپەرستانی تیرۆریستی داعش کە مەترسین بۆ سەر جیهانی ئازاد و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئاسایش و سەقامگیری لە جیهاندا. هەربۆیە هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی بڕواپێکراوی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت و پێشکەوتنی دیمۆکراسی و ئاسایش و سەقامگیری لە کوردستان و ناوچەکە پەیوەستە بە پشتگیری بەردەوام و پابەندبوونی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆردا و بۆ بنیادنانی ئاشتی و پێکەوەژیان و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی ترەوە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، باسی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کوردستان و بۆلگاریا کرد کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٠ سەرۆک بارزانی نەمر سەردانی سۆفیای کردووە و بناغەی پەیوەندییەکانی کورد و بۆڵگاریای داڕشتووە و کۆماری بۆڵگاریا لە ساڵی ١٩٥٨ ڕێککەوتنێکی بواری کەلتووری و خوێندنی باڵایان لەگەڵ کۆماری عێراقدا واژوو کردووە کە دەیان خوێندکاری کوردیش لە زانکۆ و ناوەندەکانی زانستیی کۆماری بۆڵگاریا سوودمەند بوون لە بەخشینی بۆرسی خوێند لەم وڵاتەدا. هەروا کۆماری بۆلگاریا لە ساتەوەختی واژووکردنی مانیفێستی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتیی شۆرشی کوردستان و کۆماری عێراق بۆ ئۆتۆنۆمی و دیمۆکراتیزەکردنی عێراق، لەلایەن کۆماری بۆلگاریا و وڵاتانی تری بلۆکی سۆشیالیستی بەتایبەتی پێشوازی و پشتگیری لێ کراوە. هەربۆیە واژووکردنی مانیفێستی ئادار پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری بۆلگاریا و وڵاتانی سۆسیالیستی پێشوو و ئەورووپای لەگەڵ کوردستان بووژاندەوە و یەکەمین شاندی بۆلگاری لە ساڵی ١٩٧٠ بە سەرۆکایەتیی گیورگی ئەندرێڤ سەردانی کوردستان و سەرۆک مستەفا بارزانی نەمری کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کوردستان خستە ڕوو. هەروا بۆ یەکەمین جاریش لە مانگی ٧/١٩٧٠دا کۆماری بۆلگاریا بانگهێشتی شاندێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کرد بۆ سۆفیا کە لەلایەن خوالێخۆشبوو حەبیب موحەمەد کەریم، سەرۆکایەتی دەکرا و لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵیش شاندێکی تری بۆلگاری بە سەرۆکایەتیی گرۆدا ئەتاناسۆڤ، سەرۆکی ئەوسای ڕێکخراوی فادێرلاند فرۆنت بۆ کوردستان ئەنجام درا و لەگەڵ سەرۆک بارزانی نەمردا کۆ ببوونەوە و لە ساڵی ١٩٧٢ پارتی فادێرلاند فرۆنت بەفەرمی بانگهیشتی شاندێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کرد بۆ کۆنگرەی پارتەکەیان لە سۆفیا. لە ساڵانی نێوان ١٩٧٠-١٩٧٤ چەندین شاندی پارتی تری بۆلگاری و وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات سەردانی کوردستانیان کرد، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی ڕێککەوتنی مێژووییی ١١ی ئادار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەموو هەوڵە ئاشتیانەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد و دیمۆکراتیزەکردنی عێراق و پەسەندکردنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان لەبار بران.

لە ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ چەندین دیداری سیاسی لە نێوان سەرۆک بارزانی و گەورەبەرپرسانی هەرێم لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی بۆلگاریا، بەڕێز سیمۆن جانکۆڤ لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوە و شاندەکانی سیاسی و ئابووری بۆلگاریدا ئەنجام دران و سەردانە فەرمییەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ سۆفیای پایتەخت و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران وەزیری دەرەوەی بۆڵگاریا پەیوەندییەکانی نێوان بۆلگاریا و کوردستانی گەیاندە ئاستێکی پێشکەوتووتر لە بواری سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازی لە شەڕی تیرۆر بەتایبەتی. لە سەردەمی شەڕی داعش، کۆماری بۆلگاریا لە وڵاتانی پێشەنگی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بوو کە لە شەڕی تیرۆردا پشتیوانیی سەربازیی گەیاندە هەرێمی کوردستان. لە ٢٠١٤وە ئۆفیسی کاروباری ئابووری و بازرگانیی باڵوێزخانەی کۆماری بۆلگاریا لە هەرێمی کوردستان توانیویەتی ئەم پەیوەندییانە فراوانتر بکات، هەربۆیە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) داوا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری بۆلگاریا دەکات ئاستی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بۆ کۆنسووڵگەریی گشتی بەرز بکاتەوە و ئاسانکاری و ڕێگە خۆش بکات بۆ لاوانی کوردستان لە زانکۆ و ناوەندەکانی زانستی ئەم وڵاتە بخوێنن و گەشەی زیاتر بە بزاڤی ئابووری و بازرگانی و پەیوەندی کەلتووری و گەشتیاری و ئالۆگۆڕی شاند لە نێوان هەریمی کوردستان و کۆماری بۆلگاریادا بدات و کۆماری بۆلگاریا پسپۆڕی خۆی لە بواری پیشەسازی و ئابووری و کشتوکاڵی و گەشتیاریدا بخاتە خزمەتی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان .

لە لای خۆیەوە بەڕێز ڤالنتین نیکۆلۆڤ، هەڵسورێنەری باڵوێزخانەی کۆماری بۆلگاریا لە عێراق، هەستخۆشیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی پێشوازیی گەرم و دۆستانەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرد. لە سەرەتادا بەهۆی مەترسییەکانی پەتای کۆڤید -١٩ کە چەندین کەسایەتیی دیاری کوردستان و لەنێویاندا دکتۆر فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێری پایتەخت گیانیان بەخشی، پرسە و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خەڵکی هەرێم و سەرکردایەتیی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە ئەم ڤایرۆسە نامانوەستێنێ و گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی سیاسی و ئابووری و لە هەموو بوارەکانی تر دەدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، هەروەک لە سەرەتای هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش کۆماری بۆلگاریا شانبەشانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر پشتیوان و هاوسۆزی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بوون، ئەم پەیوەندییانەی نێوانمان بەردەوام دەبن و کۆماری بۆلگاریا وەک ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر و چاڵاک لە هاوپەیمانیی ئەتلەنتیکی ناتۆ و لە یەکێتیی ئەورووپادا برەو بە دۆستایەتی و هاوکاری و پشتگیرییەکانی دەدات لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، کە وەک هاوپەیمان و هاوبەشێکی گرنگی خۆمان و وڵاتانی تری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر لێی دەڕوانین لەپێناوی گەشەپێدانی دیمۆکراسی و ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کە جێی بایەخی بۆلگاریا و ئەورووپایە و هیوادارین ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری بۆلگاریا لە هەموو بوارەکاندا بگاتە ئاستی پێشکەوتووتر کە هەردوو لا هەوڵی بۆ دەدەین. لە لایەکی ترەوە، هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی کۆماری بۆلگاریا لە بەغدا هیوای خواست کە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و پرسی بوودجە و مووچە و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا لە هەموو بوارەکاندا لە چوارچێوەی دەستوور و بە مێتۆدی سیاسی و دیالۆگی ئاشتییانە لە نێوانیاندا چارەسەر بکرێت.