هەولێر-KDP.info- بڕیارە فۆڕمی خۆراك بكرێتە سیستەمی ئەلیكترۆنی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانییش دەڵێ، سیستەمی ئەلیكترۆنی كۆتایی بە ھەموو رۆتیناتی پێشوو دێنێت و كارئاسانیی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەكرێت.
نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بڕیار دراوە فۆڕمی خۆراك بكرێتە ئەلیكترۆنی و پێش ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەست بە پڕۆسەكە كراوە، سەرەتا وەك تێست لە پارێزگای دھۆك لە ھەرێمی كوردستان و پارێزگایەك لە باشوور لە رێگەی پەنجەمۆرەوە دەست بە پڕۆسەكە كراوە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی نەیانتوانی سەركەون، پڕۆسەكە راگیرا و دواتر گۆڕانكاریی بەسەردا ھات كە لە رێگەی وەرگرتنی نموونەی چاو، فۆڕمی خۆراك دروست بكرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەشڵێت، لە ئێستادا پڕۆسەكە راگیراوە بە ھۆی ئەو قەیرانەی لە عێراق ھەیە و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام بڕیارەكە دەرچووە و فۆڕمی خۆراك لە كاغەزەوە دەبێتە ئەلیكترۆنی.
شێخ كامل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بێگومان بەئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك ھەنگاوێكی باشە، چونكە كۆتایی بە ھەموو ئەو كاغەز و ئەوراقانەی پێشتر دێنێت و ھاووڵاتیان زۆر بە ئاسانی دەتوانن زیادكردنی ئەندامی خێزان یان كوژاندنەوەی، لە كاتێكی زۆر كەمدا ئەنجام بدەن و ئەو ھاتوچۆیەی پێشتری ناوێت.
قائید میرۆ