Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە بڕی چوار ملیۆن یۆرۆ پڕۆژەی كشتوكاڵی لە كوردستان جێبەجێ دەكرێن

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كودستان گوتی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، وڵاتی ھۆڵەندا بە ھاوكاریی وەبەرھێنەرانی خۆماڵی، بە گوژمەی چوار ملیۆن یۆرۆ پڕۆژەی كشتوكاڵی ئەنجام دەدەن و ئەزموونی ھۆڵەندا لە بواری كشتوكاڵ بۆ ھەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە.

حوسێن حەمەكەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشەپێدانی كشتوكاڵی وڵاتی ھۆڵەندا لە عێراق رایگەیاندووە، لە چەند شارێكی عێراق و لە ھەرێمی كوردستانیش لە پارێزگاكان لە بواری كشتوكاڵ پڕۆژە ئەنجام دەدات، كە دروستكردنی خانووی شووشەیی بۆ كشتوكاڵ دەبێت و، تێچووی پڕۆژەكانیش لە ھەرێمی كوردستان نیوەی ھۆڵەندا دەیدات و نیوەكەی دیكەش وەبەرھێنەرانی ناوخۆی خۆمان دەیدەن، كە حكوومەتی ھۆڵەندا دوو ملیۆن یۆرۆ دەیدات و دوو ملیۆن یۆرۆش وەبەرھێنەری خۆماڵی دەیدەن تا چوار ساڵ، دواتر كە پڕۆژەكان تەواو دەبن و بەرھەمیش لەو پڕۆژانە بەرھەم دێت و دەچێتە بازاڕیش بۆ فرۆشتن، بەرھەمەكان ھۆڵەندا لەگەڵیان دەبێت، پاش چوار ساڵ رادەستی وەبەرھێنەری خۆمانی دەكەن".

حەمەكەریم گوتیشی، ئامانج لەو پڕۆژەیە، تەكنیكی تازەی ھۆڵەندی و ئەزموونی ئەوان دەگوازرێتەوە بۆ ھەرێم، كە وەكو سەنتەرێك دەبێت بۆ فەرمانبەر و جووتیار و خوێندكارانیش كە فێری ئەو كارە بن.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ھەر پارێزگایەك ھەر پڕۆژەیەك كە ئەنجامی دەدەن، لە دۆنمێك زەوی كەمتر نییە و ئێستا ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەكرێت و لە ماوەیەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێن.

 

بڵند ئیبراھیم