Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەربەست ئاكرەیی: ژمارەیەك گوندی كانی ماسێ بە ھۆی پەكەكەوە چۆڵ كراون

دهۆك-KDP.info- لە سەرانسەری ھەرێمی كوردستاندا زیاتر لە ٤٠٠ گوند بە ھۆی ئاڵۆزیی و كێشەی نێوان پەكەكە و توركیاوە ئاوەدان نەكراونەتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێش دەڵێ، خەڵكی بەشێك لە گوندەكانی سنوورەكە، ئاوارە و دەربەدەرن.

سەربەست ئاكرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سنووری ناحیەی كانی ماسێ ٧٦ گوند لەخۆ دەگرێت، تا ئێستا شەش گوندی سنووری ناحیەی كانی ماسێ بە ھۆی ھەبوونی چەكدارانی پەكەكەوە ئاوەدان نەكراونەتەوە و چواردە گوندی دیكەش ھەر چۆڵن، بەڵام لە ھاوینان خەڵكەكەی بۆ چنینی بەرھەمی ساڵ سەردانی گوندەكانیان دەكەن.

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێ گوتیشی: "بە ھۆی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا، خەڵكی گوندەكانی كانی ماسێ بەردەوام دەبنە قوربانیی ململانێی نێوان ھەردوو لایەنی شەڕكەر و ناتوانن سوود لە گوندەكانیان ببینن، ئەوەش ساڵانە زیانێكی ئابووریی زۆر بە خەڵكی ئێمە دەگەیەنێت".

ئاكرەیی روونیشی كردەوە: "دیسان ئەمساڵ بە ھۆی شەھیدبوونی ھاووڵاتییەكی سنوورەكە، گوندێكی دیكەی دەڤەری بەرواری باڵا چۆڵ كراوە و خەڵكی گوندەكە گەڕاونەتەوە ناوچە ئارامەكانی سنووری پارێزگای دھۆك، لەبەر ئەوە ئەگەر رەوش بەو شێوەیە بێت، زیانی زیاتر بە خەڵكی ئێمە دەگەیەنێت".

 

قائید میرۆ