Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆڵەندا 150 سەرباز رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، رەوانەکردنی ١٥٠سەرباز لەلایەن ھۆڵەندا بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ دوو مەبەستە، ئەوانیش مەشق وراھێنان بەھێزی پێشمەرگە و ھاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازی .

لیوا بابەکر فەقێ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: " وڵاتی ھۆڵەندا ١٥٠سەرباز رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئێستاش وڵاتی ھۆڵەندا لەگەڵ ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، بەردەوامن لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازی".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ھاتنی ئەو١٥٠سەربازەی کە بڕیارە ھۆڵەندا رەوانەی ھەرێمی کوردستانی بکات، بۆ دوو مەبەستە، ئەوانیش ھاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازی و ئەنجامدانی مەشق وراھێنان بەھێزی پێشمەرگە".

وەزارەتی بەرگری ھۆڵەندا لە راگەیندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کە ١٥٠سەربازی دیکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات. 

بڕیاردان لەبارەی ناردنی ئەو سەربازە هۆڵەندییانە بۆ هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت؛ رۆژی 9-11-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری لاهای لەگەڵ مارک رووتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوە.

 

بڵند ئیبراھیم