Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گولیزار رەشید: لە ٤٤%ی کارەبای نیشتیمانی بەھەدەر دەدرێت

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ نزمبوونی پلەکانی گەرما و ھاتنی وەرزی زستان کاتژمێرەکانی کارەبا کەمدەبنەوە و، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، پێویستە رێگری لە بەھەدەردانی کارەبای نیشتیمانی بکرێت و ئاشکرایکرد، لە ٤٤%ی کارەبای نیشتیمانی بەھەدەر دەدرێت.

گولیزار رەشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "چەند رۆژێکە کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بەرەو کەمبوونەوە دەچن و، زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا بووەتە ھۆکار لە وەرزی زستان، کارەبا زیاتر کەم ببێتەوە، دزینی کارەبا و تەکنیکی کارەبا دوو ھۆکاری سەرەکین و پێویستە کاری لەسەر بکرێت، چونکە بە ھەردووکیان ٤٤%ی کارەبا بەھەدەر دەدەن، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ٣ ھەزار مێگاوات بەرھەم دێت و بەوەش ١٢٠٠ مێگاوات کارەبا دەدزرێت، کە بەو رێژەیە کارەبای شاری ھەولێر دابین دەکرێت".

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان دەشڵێت: "بەپێی بەدوداچوونەکانم وەزارەت دەستی بە دانانی پێوەری زیرەک کردووە و ٤٠٠ ھەزار پێوەری زیرەک داندراون، بەڵام کاریان پێناکرێت، ئەویش دەکاتە رێژەی ٣٠%ی بەشداربوانی کارەبا".

گولیزار رەشید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پێویستە وەزارەتی کارەبا بەزووترین کات دەست بە دانانی پێوەری زیرەک بکات بۆ گەڕاندنەوەی کارەبای دزراو، ھەروەھا لیژنەیەکی ھاوبەش لە  وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی و کارەبا درووست بکرێت بۆ بڕینی کارەبای زێدەڕۆ، ئەمانە دەبنە ھۆی گەڕانەوەی رێژەیەکی زۆری کارەبا، چونکە ئەگەر چارەسەری کارەبای دزراو نەکرێت، ئێمە چەند بەرھەمیش زیاد بکەین ناگەینە ئەو ئاستەی کاتژمێری کارەبا زیاد بکرێت".

قائید میرۆ