Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاری رادەستکردنی دۆسییەی ئەمنی کەرکووک بە پۆلیسی خۆجێیی کارێکی باشە ئەگەر ھاوسەنگی لەنێوان پێکھاتەکان ھەبێت

کەرکوک-KDP.info- بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیوای ٦١ی تایبەت، کە لە ساڵی ٢٠١٧ رەوانەی کەرکوک کراوە، لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی لە کەرکوک دەکشێندرێنەوە و ئەمنییەتی شارەکە رادەستی ھێزەکانی پۆلیسی خۆجێیی دەکرێت، بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵێ، ئەمە ھەنگاوێکی باشە، بەڵام پێویستە بەجۆرێک بێت ھاوسەنگی لە نێوان پێکھاتەکان درووست بێت لەو ھێزەی پۆلیس، کە ئەمنییەتی شار دەپارێزن.

عەدنان کەرکوکی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیاری سەرۆکوەزیران کە ھێزەکانی پۆلیس و سوپا لە نێو شاری کەرکووک بکشێنەوە، ھەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی عەسکەرتارییەت لەشار نەمینێت و ئەمنییەتی نێوشار رادەستی ھێزەکانی پۆلیسی خۆجێیی بکرێن".

عەدنان کەرکوکی گوتیشی: "پێویستە لە رادەستکردنی ئەمنییەتی شار بە پۆلیسی خۆجێیی، پۆلیسەکان کەرکووکی بن و، ھەموو پێکھاتەکانیشی تێدا بێت، تەنھا یەک پێکھاتە نەبێت، بۆ ئەوەی ھاوسەنگی درووست بێت و کێشە لەنێو شار درووست نەبێت".

گوتیشی: "کاتی خۆیشی ھەر پۆلیسی خۆجێیی نێوشاری کەرکووکیان دەپاراست، نەک ھێزە بیانییەکان، کە لە دەرەوەی کەرکووک ھاتوون، وەکو سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی".

بڵند ئیبراھیم