Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەکەکە نەوەک ھەر میوانە، بەڵکوو سەرکردەکانیان کردوویانە بە میوانێکی رەزا قورس

چاودێرێک

دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا بە زمانێکی پڕ لە قین، دەیەوێ شکستی سیاسی و عەسکەری و ئایدۆلۆژیای رەتکراوەیان، بە تۆمەتبەخشینەوە بە پارتی پینە بکات و دەڵێت "پارتی ھاوکاری ئەکەپەو مەھەبە دەکات لە دژی پەکەکە"، ھەروەھا وەکو ھەمیشە بە زمانی خاوەن ماڵ لە ھەرێمی کوردستاندا قسەدەکات! ئێمە لە وەڵامدا بە سادەترین پرسیاری خەڵکی کوردستان بۆ پەکەکە دەستپێدەکەین، ئایە بە جیددی پەکەکە دژی ئاکپارتی و مەھەپەیە وەک دۆران کاڵکان باسی دەکات؟ ئەگەر وایە لەنێو سنووری ھەرێمی کوردستان چی دەکەن و بۆچی مەیدانی خەباتیان لەوێ نییە؟ ئاک پارتی و مەھەپە دوو حزبی ئاشکران کە لەکوێن و لە حەفتانین و زاب و گارە و قەندیل خۆیان حەشار نەداوە نەکا ئەو تونێلانەی پەکەکە لێیان دەدات بۆ دۆزینەوەی ئەوان بێت! پەکەکەی قەندیل پاڵەوانی جەنگن بۆ تێکۆشانی نەتەوەیی یاخود درعێکی ھەواڵگرین لەناو گەمەیەکی ئیقلیمی بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان؟ بۆیە دۆران کاڵکان و ھاوشێوەکانی باش لە وەڵامی رای گشتی کوردستان گەیشتوون کە دەمێکە ئاشکرابووە پەکەکەی دەستی قەندیل و کۆڵەوارە بەناو سیاسییەکانیان چەندە پرۆژەیەکی شکستخواردوون و لە پێشکەوتنی سەردەمدا بەجۆرێک جێماون کە لە وشەکانیانەوە نەخۆشی سیاسی و گۆشەگیری و دەمارگیری دواکەوتوویان پێوە دیارە.

رای گشتی کوردستان لای روونە ناوەندی بڕیاری پەکەکەی قەندیل چ ئەجێندایەک جێبەجێ دەکات و گرێدراوی کام پیلانە و لەکوێش لەگەڵ ئەجێندای ناوەندی بڕیاری بەشەکەی دیکەی پەکەکە ھەماھەنگی یا دژایەتیان ھەیە و ئامانج و ئاراستەیان چیە و، بۆچی لەسەر سنوورەکانی تاکە قەوارەی شەرعی و یاسایی کوردان کە ھەرێمی کوردستانە، دور لە پرنسیپ و بنەماکانی تێکۆشانی نەتەوەیی خۆیان حەشارداوە و خزمەتیش بە کام پرۆژە دەکەن...

خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامی بوونەتە قوربانی سیاسەتی چەوتی پەکەکە کە بە سەدان گوند چۆڵکراون و ژمارەیەکی زۆریش لە ھاوڵاتیان شەھیدو بریندار، ئەمەیە پاڵەوانێتی دۆران کاڵکان کە مەیدانی شەڕ راکێشیتە نێو گوندەکان و ھاووڵاتیان ببنە قوربانی؟  بۆیە لە لای خەڵکی ھەرێمی کوردستان پەکەکە نەوەک ھەر میوان بەڵکوو سەرکردەکانی پەکەکە کردوویانە بە میوانێکی رەزا قورس و، فکری پەکەکەش کە لەداڕماندایە و وەک تەنێکی نامۆی دژ بە بنەمای کوردستانییەت و دژ بە پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن لە بەھای مرۆڤایەتی، دەمێکە ناسراون.

ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا کیانێکی شەرعییە، دامەزراوە شەرعییەکانی ھەڵبژێردراوی خەڵکن، رای گشتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکان سیاسەتی چەوتی پەکەکەی لە ھەرێم ئیدانە کردووە و شەرعیەتی بە بوونی پەکەکە نەداوە تا دۆران کاڵکان خۆی بە خانەخوێ بزانێ، باکوورییەکان دەڵێن پەکەکە ماڵوێرانییە بۆ کورد، بۆیە فکری چەوتی پەکەکە لە نێو رای گشتی باکوور و رۆژئاوا توایەوە و دەمێکە کفنی شکستیان بەبەرداکردووە، بەمەبەست ئەم ماڵوێرانیەش بە بەردەوامی بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێم دێنن، لەبەرئەوەیە نەک ھەر میوانێکی رەزا قورس، بەڵکو ماڵوێرانکەریشن.

باشترە دۆران کاڵکان و سەرکردەکانی پەکەکە لە زمانی سەردەم و رای گشتی کوردستان تێبگەن نەوەک بە خولی ھەواڵگری و باوەڕێکی درۆینەی پڕ شکست و شووم و دژ بە ئامانجی نەتەوەیی، پاساو بۆ سیاسەت و فکری بەسەرچوویان بێننەوە، خەتای پارتی نییە کە رۆژ بە رۆژ پەکەکە لەگەڵ خولقاندنی رووداوەکاندا فایلە نھێنییەکانی ئاشکراتر دەبێت کە ئەمانە چەندە دژە کوردن، خەتای پارتی نییە کە فکری پەکەکە لە نێو رای گشتییدا لە ھەڵوەرینە،  دۆران کاڵکان و سەرکردە حەشاردراوەکانی دیکەیش باش دەزانن کە لەنێو مەعریفەی سەردەمدا محەلی دواکەوتوویی و جەھلی سیاسییان بە کوێ گەیشتووە و پەکەکەشیان بەکوێ گەیاندووە و خزمەتیش بەکێ دەکات...