Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدات

ھەولێر-KDP.info- بە بڕیاری لیژنەی باڵای کۆرۆنا، تاوەکو کۆتایی مانگی١١ پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکان راگیراوە، سەرۆکی یەکێتیی ماموستایانی کوردستانیش دەڵێ، ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت و دواتر بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.

ئەحمەد گەرمیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وەزارەتی پەروەردە بە ھاوکاریی وەزارەتی تەندروستی، ھەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتی وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە پێشکەشی دەکات و ڕای خۆیان دەردەبرن و دواتر لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاری کۆتایی دەدات پرۆسەی خوێندن ھەر رابگیرێت یاخود دەست پێبکاتەوە.

گەرمیانی گوتیشی، ئەگەر دۆخی تەندروستی خراپ بێت، رەنگە ھەر بە راگیراوی پرۆسەی خوێندن بمێنێتەوە و ئەگەر باشیش بوو، دەست پێدەکاتەوە.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێکان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، تا ئێستا دیار نییە بۆ پرۆسەی خوێندن چ بڕیارێک دەدرێت و لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیار لەوبارەیەوە دەدات.

دەشڵێ، خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و ئەو بەرنامەیەی وەزارەت دایناوە بۆ قوتابیان، یەک جار داونلۆدی بکەن چیتر پێویست ناکات ھێڵی ئینتەرنێت بەکار بیێنن و دەتوانن رۆژانە بەرنامەکە بەکار بێنن.

 

بڵند ئیبراھیم