Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیەندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی كردن لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، کە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان لە بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی دەربڕی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/11/12 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینە و بێ گوێدانە پرنسیپی سازان و لە بەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی گەلی کوردستان، دەنگی لە سەر درا. لە هەمانکاتدا نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەردەبڕێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام و هەمیشە، ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە . لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیش ، چەندین جار نیازپاکی خۆی نیشان داوە و سەردانی بەغدای کردووە و چەندین لەیەکگەیشتن و ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێم  و حکومەتی فیدڕاڵی پێشوو و ئێستا هاتە ئاراوە و حکومەتی هەرێم ، هەمیشە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە لە بەرامبەر  دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان .
بۆیە ئێمە لە کاتێکدا داکۆکی لە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەکەین ، لە هەمانکاتدا هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت. بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لە حکومەتی فیدراڵی ئەنجام بدرێت و هەڵوێستی فەرمی و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەندرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/11/12