Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەزگین بۆ KDP: مەرجی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ پڕچەككردنی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، مەرجی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە، چاكسازییە، كە كابینەی نۆیەم لە ئێستادا سەرقاڵی ئەو چاكسازییەیە.

ئەمڕۆ ۱۰ـی ۱۱ـی ۲۰۲۰، لە ڕێوڕەسمێكدا بەئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە،  شۆڕش ئیسماعیل و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین، هێزەكانی ئەمەریكا هەردوو لیوای ۱٤ و ۱٦ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیان پڕچەك كرد، پڕچەككردنی ئەو دوو لیوایەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكە بە ناوی "پێشمەرگە لە ئایندەدا".

سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هاوكاریی سەربازیی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سوودێكی زۆری لە رووی سەربازییەوە هەیە بە ئاراستەی پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە، هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمەریكاش بۆ هێزی پێشمەرگە، خۆی لە چەندین كەلوپەلی سەردەمیانەدا دەبینێتەوە، كە بریتین لە زرێپۆش و كەلوپەلی سەربازی بە ستانداردی سەربازیی سەردەم، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێكی دیكەی گرنگ بۆ بەهێزبوونی هێزەكانمان لە ڕووی لۆجستیەوە."

لەزگین، گوتیشی: "مەرجی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە، چاكسازییە لە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، هەروەها چەند هەنگاوێك لە بەرنامەی چاكسازی جێبەجێ كراون، لە دوو ساڵی رابردووشدا سیستمی یەكخستنی لیواكان لە چوار بەتالیۆنەوە كراوەتە سێ بەتالیۆن، ئەوانەشی زیاد بوون، سەرقاڵین رێكیان دەخەینەوە."

 

فایزە كۆیی