Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرەتای مانگی داھاتوو گۆڕانكاری بەسەر مۆڵەتی شوفێریدا دێت

هەولێر-KDP.info- بڕیارە گۆڕانكاری بەسەر شێوازی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێریدا بێت و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، لە قۆناغی یەكەمدا پێویستە فێرخواز لە رێگای نووسینگەكانەوە شارەزایی پەیدا بكات.

عەمید ئەسعەد مەلاكەریم، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی مۆڵەتی شوفێریدا بێت و  بە دوو قۆناغ گۆڕانكارییەكە ئەنجام دەدرێت، قۆناغی یەكەم لە سەرەتای مانگی داھاتوودا جێبەجێ دەكرێت، كە شوفێر لە رێگەی نووسینگەكانی مەشقەوە فێری شوفێری دەكرێن و دواتر لە رێگەی فۆڕمێكەوە داوای دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری لە ھاتوچۆ دەكەن.

گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم دەشڵێت، لە قۆناغی دووەمدا شێوازی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان یەك دەخرێت و بە شێوازێكی نێودەوڵەتی و ستاندارد مۆڵەت بە ھەر كەسێك دەدرێت ببێتە شوفێر و سیستەمی پێشوو جێبەجێ ناكرێت.

لەبارەی بەكوردیكردنی مۆڵەتی شوفێری، عەمید ئەسعەد مەلاكەریم روونی كردەوە، ئێستا لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەك بە كوردی لەسەر مۆڵەتی شوفێری نووسراوە و ئەوانەیشی ماون لە قۆناغی داھاتوودا ھەموو مۆڵەتەكان دەكرێن بە كوردی و پڕۆژەكە بە تەواوەتی جێبەجێ دەكرێت.

 

قائید میرۆ