Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی سەرانی پەکەکە دەداتەوە

جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.

لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!

پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.

لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان  هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.

 

مەحمود محەمەد

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

2020/10/27