Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: بۆ جاری یەکەمە داعش دەگاتە ھەندێ ناوچەی کوردستان

کەرکووک-KDP.info-  چەند ڕۆژێکە جووڵەی چەکدارانی داعش لە زۆر ناوچەی کوردستان بەدی دەکرێت و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، ھۆکارەکەی بۆ ناکۆکیی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەگەڕێتەوە و بۆ جاری یەکەمە داعش دەگاتە ھەندێ ناوچەی کوردستانی لە سنووری کەرکووک.

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای دووی پیادە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش بۆ ناکۆکیی نێوان ھێزە شیعەکان دەگەڕێتەوە، چونکە ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق ئاڵۆزە و کاریگەریی کردووەتە سەر ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان، واتە ھێزە عێراقییەکان ئەوەندە خەریکی ململانێی یەکترن ناپەرژێنە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی."

فەرماندەکەی پێشمەرگە گوتی: "داعش سوودی لەو ناکۆکییەی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بینیوە و چەند ڕۆژێکە جووڵەیان لە زۆربەی ناوچەکان زیادی کردووە، بۆ نموونە پێشتر لە پشتی کانی دۆمەڵانەوە بۆ ناوچەکانی دبس و حەویجە جووڵەیان ھەبوو، ئێستا داعش پەڕیونەتەوە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وەک ناوچەی شوان."

عەقید ھێمن ساڵح جەختی کردەوە: "مەترسیی داعش زۆر زیادی کردووە، بە شێوەیەک کە ھەندێ ناوچەی کوردستان کە پێشتر نە ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە و نە داعش دەستیان پێی نەگەیشتبوو ئێستا چەکدارانی داعش لە جادەی سەرەکیی کەرکووک – ھەولێر دەپەڕنەوە بۆ ناوچەکانی کوردستان و کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن، ئەوەش مەترسییەکی ئێکجار گەورەیە."

 

قائید میرۆ