ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھینانی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەموو ڕێکارەکانی دروستکردنی پڕۆژەکەی چین کە بڕیارە بە بڕی پێنج ملیار دۆلار دروست بکرێت تەواو بووە و تەنھا ماوە زەوییان بۆ تەرخان بکەن کە زەویی تەرخان کرا دەست بە دروستکردنی دەکرێت.
دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دروستکردنی پڕۆژە زەبەلاحەکەی کە وڵاتی چین بە بری پێنج ملیار دۆلار دروستی دەکات گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و مۆڵەتمان پێ داوە و ڕێکارەکان تەواو بوون و تەنھا ماوە لە سنووری بەحرکە زەوییان بۆ تەرخان بکرێت و ھەرکاتێک تەرخان کرا لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی دەکرێت."
سەرۆکی دەستەی وەبەرھینانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە زۆر گەورە و گەشتیارییە کە چەندین جۆری یاریی گەشتیاری لەناو پڕۆژەکە دروست دەکرێت کە ڕەنگە شەش ساڵ بخایەنێت تاوەکو پڕۆژەکە کۆتایی دێت، چونکە زۆر گەورەیە."
گوتیشی: "ھەرکاتێک زەوییان بۆ تەرخان کرا ئەوان دێن دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی خۆیان لە پارێزگای ھەولێر دەکەن."
بڵند ئیبراھیم