Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەت کێشەی دەروازە سنوورییەکان چارەسەر دەکات

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کێشەی دەروازە سنوورییەکان چارەسەر بکات، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی ھاوبەشی لە نێوان وەزارەتی دارایی و ناوخۆ پێک ھێناوە و مووچەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی مەرزی پەروێزخانی ڕاگرتووە. سەرچاوەیەکیش لە ئەنجومەنی وەزیران گوتی، حکوومەت بڕیاری داوە کێشەی دەروازە سنوورییەکان چارەسەر بکات.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھەی پەرلەمانی کوردستان، سەعید ھەرکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە کێشەی دەروازە سنوورییەکان بە تەواوەتی چارەسەر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی لە نێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی پێک ھێناوە و ئەوکێشەیە چارەسەر دەکەن و چیتر کەس ناتوانێت خۆی بەسەر خاڵە سنوورییەکاندا فەرز بکات و حکوومەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی دەکات."

سەعید ھەرکی گوتیشی: "لە یەکەم ھەنگاودا بڕیار دراوە مووچەی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی دەروازەی سنووریی پەروێز خان ڕابگرن تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکەن."

ھەرکی باسی لەوەش کرد: "کێشەی دەروازە سنوورییەکان ئەوەیە کە کەلوپەل بە شێوەی قاچاغ و بێ گومرگ ھاوردە دەکرێت و حکوومەت دەیەوێت ڕێگری لەو کارە بکات و چیتر کەس مەرزەکان بۆ بەرژوەندیی خۆی بەکار نەھێنێت، چونکە پێویستە ھەموو داھاتەکە بۆ خەزینەی حکوومەت بگەڕێتەوە."

سەرچاوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێک ھێناوە و بڕیاری داوە کێشەی دەروازە سنوورییەکان بەتەواوی چارەسەر بکات و ھەرگرفتێک لە خاڵە سنوورییەکان ھەبێت لە ھاوردەکردنی کەلوپەلی بێ گومرگ، یاخود ھەر کارێکی دیکە چارەسەر بکات."

 

بڵندئیبراھیم