Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رائید مەریوان تمر دزەیی: ڕۆژانە چاودێری دارستانەکان دەکەین.. زێدەڕۆیی کەمی کردووە

هەولێر-KDP.info- ئەمساڵ لە سنووری دەشتی ھەولێر بەھۆی زێدەڕۆیی سەر دارستان و ژینگە ژمارەیەک هاووڵاتی دراونەتە دادگا و بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەشتی ھەولێریش دەڵێ، دەستدرێژی و زێدەڕۆیی بۆسەر دارستانەکان کەمی کردووە.

رائید مەریوان تمر دزەیی، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەشتی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "لە دەوروبەری ھەولێر رووبەڕێکی بەرفراوان دارستان و پاوان ھەن و لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەوە دەپارێزرێن و لە زۆربەی ئەو شوێنانەی پێویستن بنکەی ئێشگری پۆلیسی دارستانی ٢٤ کاتژمێری تێدایە و رۆژانە چاودێری دارستان و ژینگەی ناوچەکە دەکەین.

بەرپرسەکەی بەشی پۆلیس و دارستان و ژینگەی دەشتی ھەولێر گوتیشی، "زۆربەی دارستانەکانی دەوروبەری ھەولێر دەکەونە ڕێگای کۆیە و دلۆپە و دیبەگە و بێستانە و دێگەڵە و گردەڕەشە و خانزاد،  ھەرکەسێکیش دەستدرێژی بکاتە سەر دارستانەکان بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەوە جگە لە پاراستنی دارستانەکان لە ئاگر و رووداوی دەستکرد و سروشتی.

رائید مەریوان تمر دزەیی دەشڵێت، "تەنیا ئەمساڵ ١٥ کەیس ھەبووە و ڕەوانەی دادگا کراون بۆ لێپرسینەوە و سزاشدراون، هاوکات زێدەڕۆیی لەسەر دارستان و ژینگە کەمی کردووە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، چونکە حکوومەت بەپێی یاسا ڕێگە بەھیچ کەسێک نادات زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتی.

 

قائید میرۆ