Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەشت هەزار كەس ناویان بۆ هێزە نوێیەكەی شنگال تۆمار كردووە

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال رایدەگەیەنێت، دەست بە جێبەجێكردنی بڕگەی ئەمنیی رێككەوتنی شنگال لە نێوان هەولێر و بەغدادا كراوە و ئێستاش خەڵك ناویان بۆ هێزیكی نوێ لە شارەكە تۆمار دەكەن.

لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، یەكێك لە خاڵە گرنگەكان، دانانی هێزێكی نوێ بوو بۆ شنگال، كە لە خەڵكی خودی شارەكە بێت و ٢٥٠٠ كەس بێ، كە ١٥٠٠ كەس لە كەمپەكان و ١٠٠٠ كەسیش لە نێو شاری شنگال بێ.

قایمقامی شارۆچكەی شنگال، مەحما خەلیل، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا هەشت هەزار كەس ناویان بۆ هێزە نوێیەكەی شنگال تۆمار كردووە، خەڵكیش پێیان وایە ئەم هێزە، هێزێكی شەرعییە، چونكە هەردوو حكوومەت پشتیوانیی لێ دەكەن".

خەلیل گوتیشی: "ئەوانەی ناویان نووسیوە، هەموویان خەڵكی شنگالن و خەڵكانێكی زۆریش ئامادەن بچنە ناو ئەم هێزەوە، چونكە خەڵك لە هێزە نایاساییەكان بێزار بووە".

ناوبراو دەشڵێ، تا ئێستا دیاری نەكراوە ئەو هێزە كەی دەست بە كارەكانیان دەكەن، بەڵام ناونووسینەكە بەردەوامە و هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقیش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، لەسەر هێڵن.

 

كاروان باعەدری