Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەی دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی ژنانی ئێزدی دەکرێت

شنگال-KDP.infoـ ئەمڕۆ شەممە، گۆڕێکی بەکۆمەڵی ژنانی کوردی ئێزدی لە شنگال هەڵدەدرێتەوە کە پێشبینی دەکرێت رووفاتی زیاتر لە 75 ژنی کوردی ئێزدی تێدابێت. ئەوەش یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵی ژنانی کوردی ئێزدییە کە هەڵدەدرێتەوە.

رێوڕەسمێک بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە بەڕێوەدەچێت و لە سبەی یەکشەممەوە دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە، بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنانەی لەو گۆڕەدا بەکۆمەڵ نێژراون، هەموویان تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵانەوە بووە و خەڵکی گوندی کۆجۆن. 

لە رێوڕەسمەکەدا، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، نوێنەری دەستەی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکانی تاوانی شنگال لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیان ئامادەن.

لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، بەشێکی خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کرد، هاوکات دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی شارەکە کە کوردانی ئێزدی بوون، ئاوارەبوون. تاوەکو ئێستا لە شنگال 80 گۆڕی بە کۆمەڵ دەستنیشانکراون، مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019ـەش رووفاتی 235 کوردی ئێزدی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێندران و رەوانەی بەغدا کران.

ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی ئەو رووفاتانە لە بەغدا تەواو بووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاوەکو ئێستا نەدراونەتەوە بە کەسوکاریان. سبەی یەکشەممەش تیمێکی 40 کەسی دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی ژنانی کوردی ئێزدی دەکەن.