Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی پرسگەلێکەوە کۆدەبێتەوە

هەولێر-KDP.infoـ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت، وەک پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، دەنگدان لەسەر تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنی عێراق، کە تا ئێستا ڕێککەوتنی تەواوی لەبارەوە نەکراوە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ کاتژمێر ۱۲ـی نیوەڕۆ کۆدەبێتەوە، لەوبارەیەوە، ناسر هەرکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجوومەنی نوێنەران پەیوەست بە پڕۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و قەرزکردنی پارە و هەروەها دوو پڕۆژە یاسا سەبارەت بە ڕزگاربووان و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزیدی، کۆدەبێتەوە."

۱۰ـی ۱۰ـی ۲۰۲۰، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردن کۆبووەوە، کە پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ۲۰۱۹دا یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد و تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە، کە بە پێی ڕێککەوتنی فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگی لەسەر دەدرێت.

هەرکی، سەبارەت بەو پرسە گوتی: "بڕیارە دەنگ لەسەر تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بدرێت، کە هێشتا ڕێککەوتنی سیاسیی لەبارەیەوە نەکراوە، هەرچەندە وەک کورد لەنێوان خۆماندا کێشەیەکی ئەوتۆمان نییە، بەڵام ئەمانە بەرنامەی ئەمڕۆ دەبێت، زۆر جاریش لە کۆبوونەوەکاندا تەوەرەکان دەگۆڕێن و دەبێتە بابەتگەلێکی دیکە."

 

فایزه کۆیی