Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی سه‌ردانی باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وروپای پارتی ئازادیی کوردستانیان کرد

هۆڵه‌ندا-KDP.info- رۆژى پێنج شه‌ممه‌ 22-10-2020، شاندێکی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌ردانی باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وروپای پارتی ئازادیی کوردستانیان کرد، و باسیان له‌ ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی کوردستان و ناوچه‌وکه ‌و په‌تایی کۆڕۆنا کرا و هه‌روه‌ها پرسی کۆچبه‌ران و دیاسپۆرای کوردی له‌ تاراوگه‌ کرد و جه‌ختیان له‌ یه‌کده‌نگی کورد کرد. 

هاوپه‌یمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان، ڕوو به‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردا دژ به ‌تیرۆریستانی داعش و ئاوێته‌بوونی خوێنی شه‌هیده‌کانیان له سه‌رکه‌وتنی پردێ و ناوچه‌کانی تری کوردستان و سێ ساڵ تێپه‌ربوون به‌سه‌ر ئه‌و داستانه‌ مه‌زنه‌ و به‌شداریکردنیان و پته‌وکردنی نێوانیان و پاڵپشتیکردنی به‌رده‌وامیان له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان و به‌رگریکردن لێی.

شاندێکی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ به‌رێزان شێرزاد یونس ڕۆژبه‌یانی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کان و دیندار کۆچه‌ر کارگێڕ و به‌رپرسی کاروباری دیاسپۆرای کورد له‌ هۆڵه‌ندا و فه‌لاح ڕه‌شید به‌رپرسی ڕێکخراوی ئارنهێم پارتی، سه‌ردانی باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی ئه‌ورووپای پارتی ئازادیی کوردستانیان کرد، له‌لایه‌ن به‌رێزان ئه‌فشار ئه‌قده‌سی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وروپا و خاتوو چیمه‌ن نه‌قشبه‌ندی ئه‌ندامی مه‌جلیسی گشتی و به‌رپرسی کۆمیته‌ی ڕێکخستنی هۆڵه‌ندا و کاوه‌ کانه‌بی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ کوردستانیه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان له‌ هۆڵه‌ندا.

پێشوازییه‌کی گه‌رمیان لێکراو له‌ به‌رامبه‌ردا له‌لایه‌ن شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان تاجه‌ گوڵینه‌ی پیرۆزبایی وهاوپه‌یمانێتیان پێشکه‌شکرا، له‌ دانیشتنێکی دۆستانه‌دا باس له‌ ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی کوردستان و ناوچه‌وکه ‌و په‌تایی کۆڕۆنا کرا و هه‌روه‌ها پرسی کۆچبه‌ران و دیاسپۆرای کوردی له‌ تاراوگه‌ کرا، له‌ کۆتاییشدا پێکه‌وه‌ جه‌ختیان له‌ یه‌کده‌نگی و یه‌کگرتنی کورد کرد که‌ ده‌توانن پێکه‌وه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ خزمه‌ت به‌  کوردستانێکی به‌هێز بکه‌ن.