Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیاسەتمەدارێکی ئەمەریکی بۆ KDP.info: هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرە

واشنتۆن- KDP.info -  سیاسەتمەدارێکی دیاری ئەمەریکی دەڵێت، هێڕشکردنە سەر بارەگا و شاندە دیپلۆماسییەکان لە عێراق لەلایەن میلشیاکانەوە کارێکی هەڵە و دوورە لە پرەنسیپە شارستانی و یاساییەکان.

دیڤیید دی ڕۆشیە، پسپۆڕی ستراتیژی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، تایبەت بۆ ماڵپەری KDP.info دەڵێت: "دەبی ئەو هێزە نائاساییانە لە عێراق وەدەربنێرێن، ئەوان ئامانجیان تێکدەرانەیە و لەلایەن وڵاتانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.''

سەبارەت بەوەی کە کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ شاندە دیپلۆماسییە بیانییەکان و بە ئازادی کاری خۆیانی تێدا دەکەن و پارێزراون، دیڤید کە پێشتر بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتلەسی (ناتۆ) بوو، دەڵێت: "هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرە و حکوومەتێکی ئارامی هەیە، بۆیەش شاندە دیپلۆماسییەکان لەوێ بە ئارامی دەمێننەوە."

ناوبراو کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرپرسی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی نزیک و باشووری ئاسیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانە، دەڵێت: "ئەمەریکا پابەندە بەوەی کە لە کوردستان بمێنینێتەوە، بۆیەش ئەگەر لە هەرناوچەیەک بکشێتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە حەشدی شەعبی لێی جیگیر بوون، لە کوردستان هەر دەمێنێتەوە.''

 

کاروان باعەدری