Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆماری چیک ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە کوردستان ساز کرد

هەولێر-KDP.info- کۆنسووڵگەریی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری چیک کە بە ڕۆژی سەربەخۆییی کۆماری چیک‌وسلۆڤاکیا و ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی نەتەوەیی دەناسرێت لە هەولێری پایتەخت ساز کرد.

لەلایەن بەڕێز میخاڵ سڤۆبۆدا، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی کونسووڵی گشتی و نوێنەرانی ئۆفیسی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی لە هەرێم و بەتایبەتیش بانگهێشتی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتییە سیاسییەکان و زانکۆ و ناوەندەکانی ئەکادێمی و ڕەوەندی چیک لە هەرێمی کوردستانی کردبوو بۆ بەشداربوون لە ڕێوڕەسمەکەدا و، بەهۆی مەترسییەکانی (کۆڤید – ١٩)وە ئەمساڵ بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو هەژمارێکی سنووداری میوانانی کورد و بیانی بانگهیشتی ئەم ڕێوڕەسمە کرابوون.

ئەمیر جەرگیس، بەرپرسی دێسکی ئەورووپا، پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە ناوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوو و پیرۆزباییی ڕۆژی نیشتمانی و سەربەخۆییی لە بەڕێز میخاڵ سڤۆبۆدا، کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک و ستافی کونسووڵگەرییەکەیان و گەل و کۆماری چیک کرد و هیوای پێشکەوتن و بەختەوەریی بۆ خواستن و سوپاس و ستایشی پشتگیری و هاوکارییەکانی کۆماری چیکی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی و هیوای خواست کە پەیوەندیی دۆستانە و بەهێزی نێوان کۆماری چیک و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانی جێی بایەخی هەردوو لا بەردەوام بێت و بگاتە ئاستێکی پیشکەوتوو تر. دوای ئەوەی لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا سروودی نەتەوەییی کۆماری چیک و کوردستان پێشکەش کران، لە بەشی هونەریدا میۆزیکی برادۆلینۆ لە پراگەوە کە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوو بە میۆزیکی چیکی و بیانی ئاهەنگەکەیان خستە جۆش و خرۆشەوە. لە بەشی فەرمیی ڕێوڕەسمەکەشدا کونسووڵ سڤۆبۆدا بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی میوانەکانی بەشداربووی ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەی کرد. پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، زانستی و سەربازی و چەندین بواری تر بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی گرنگیی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات و ئاماژەی بە ژمارەیەک لە پرؤژە و چاڵاکییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دا و، لە کۆتاییی وتارەکەیشیدا سەبارەت بە دۆخی عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا، کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک بە توندی سەرکۆنەی هێڕش و پەلامارەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سووتاندنی بارەگای لقی (٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەغدا و بێڕیزیکردنی میلیشیاکان بە ئاڵای کوردستانی کرد.

کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک باسی لە گرنگیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کۆماری چیک و گەلی کورد و هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، زانستی، ئابووری، کەلتووری، سەربازی و لە هەموو بوارەکانی تر کردەوە. کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە پشتگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا به ‌ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمەوە پیرۆزبایی له‌ كونسووڵی گشتی، گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ كرد. گه‌شبینیی خۆی به‌ داهاتووی بەهێزترکردنی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی و هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک خستە ڕوو.

دواتر بەڕێز تۆماش پیترێچیک، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری چیکەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی بەم بۆنەیەوە لە ڕێوڕەسمەکەدا پێشکەش کرد و خۆشحاڵیی خۆی پێشان دا کە بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەیەوە سڵاو بۆ بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە لە کوردستان بنێرێت. لە ڕۆژی نیشتمانی و سەربەخۆییی وڵاتەکەیاندا وەک  بۆنەیەکی مێژوویی یادی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کۆماری چیک‌وسلۆڤاکیای پێشوو دەکەنەوە کە لە ١٩١٨ کۆماری چیک‌وسلۆڤاکیا و چەندین وڵاتی تر لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات وەک دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر نەخشەی ئەورووپا دانیان پێدا نرا و هەردوو گەلی چیک و سلۆڤاکیش بە شێوەیەکی ئاشتییانە و ئارەزوومەندانە کۆمارێکی هاوبەشیان دامەزراند و بە نموونەیەکی بەرزی پێکەوەژیان لە ئەورووپا و جیهان ناسران. سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا کۆماری چیک‌وسلۆڤاکیا نەماوە، بەڵام چیکەکان هێشتا ٢٨ی ئۆکتۆبەر وەک ڕۆژی نیشتمانیی خۆیان سەیر دەکەن. وەزیری دەرەوەی چیک ڕایگەیاند کە ئەمساڵ بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی (کۆڤید -١٩)وە لە هەموو شوێنێکی جیهان بەدی دەکرێت و شەپۆلێکی تازەی ڤایرۆسەکەش بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە بەڵام هەموومان پێکەوە دەتوانین بەسەر ئەم قۆناغە دژوارەدا سەر کەوین.

لە بەردەوامیی پەیامەکەیدا وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک باسی پەیوەندیی بەهێز و لەمێژینەی نێوان گەلی چێک و گەلی کوردستانی کرد لەسەر بنەمای دۆستایەتی و دابونەریتی هاوبەش و ڕێزگرتن و ڕێککەوتنی تایبەت و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەریمی کوردستان بەرز نرخاند و هیوای خواست زیاتر پەرەی پێ بدرێت.

بەڕێز تۆماش پیترێچیک، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک گوتی: "من و هاوکارانم لە کونسووڵگەریی گشتیی کۆماری چیک لە هەولێری پایتەخت جەخت لەسەر هەماهەنگی لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و ڕۆشنبیری و هونەری و پاراستنی شوێنەوارە کەلتوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەینەوە و جەختیشی لە هەماهەنگیی کارکردن لە بواری هاوکاریی مرۆیی و گەشەپێدان و دەرفەتی بازرگانی و بەرژەوەندیی هاوبەش کردەوە. هەروا وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتنم لەگەڵ بەڕێز نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەوحە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەندێک لەو بابەتانەیان تاوتوێ کردووە.

لە کۆتاییی وتارەکەیدا وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەن ڤایرۆسی کۆرۆنا تەگەرە بخاتە بەردەم پلانەکانیان لە هەریمی کوردستان و ڕیگە نادەن پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان کۆماری چیک و هەرێمی کوردستان بوەستێت، هیواشی خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی تر دیدار و سەردانی نێوانیان دەست پی بکاتەوە.

شایانی باسه‌ له‌ ساڵانی (50)ی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ یه‌که‌مین په‌یوه‌ندیی سیاسیی له‌ نێوان کوردستان و کۆماری چیک‌وسلۆڤاکیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌لایه‌ن جه‌نه‌ڕاڵ سه‌رۆک بارزانی نه‌مره‌وه‌ ڕێک خرا له‌ یه‌که‌م سه‌ردانیدا بۆ کۆماری چیک‌وسلۆڤاکیا، هه‌ربۆیه‌ کۆماری چیک له‌ قۆناخه‌کانی تری په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌یاندا له‌گه‌ڵ شۆڕشی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان و هاتنه ‌کایه‌ی په‌رله‌مان و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و شه‌ڕ و نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان دژ به‌ تیرۆریستانی داعش به‌رده‌وام پشتیوانیی له‌ مافه‌ ڕه‌واکانی گه‌ڵی کورد کردووه‌ و خوازیاری بره‌ودانن به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و له‌ مانگی 6/2006 وه‌ کونسووڵگەریی کۆماری چیک له‌ هه‌رێمی کوردستان کراوه‌ته‌وه‌ و به‌ سه‌ردانی سه‌رۆک مه‌سعوود بارزانی بۆ کۆماری چیک و دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەل سەرۆککۆمار و گەورەبەرپرسانی کۆماری چیک په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک و پشتیوانیی کۆماری چیک له‌ هه‌رێمی کوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان له‌ شه‌ڕی داعش و ئەزموونی دیمۆکراسیی هەرێمی کوردستان ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ چوونه‌ته‌ ئاستێکی پێشکه‌وتووتر.