Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زیرەک کەمال: لایەنە عێراقییەکانیش لەدژی سووتاندنی ئاڵا ھەڵوێستیان ھەیە

هەولێر-KDP.info- ھێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەلایەن بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە کاردانەوەی لێ کەوتەوە و شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێی وایە، کورد و شیعە خەباتی ھاوبەشیان ھەیە و پەیامی حکوومەت و لایەنەکانی عێراقیش دڵخۆشکەرە.

زیرەک کەمال، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی دوێنی لە بەغدا ڕووی دا و ھێرش کرایە سەر بارەگای پارتی و ئالای کوردستانیان سووتاند، ئێمە ناتوانین بڵیێن ئەوانە نە عەرەب و نە شیعە بوون، بەڵام ئەوانە نوێنەرایەتیی عەرەبی شیعە و سوننەش لە عێراق ناکەن، من بۆخۆم چاودێریی ڕەوشەکەم دەکرد و دوای ڕووداوەکە لایەنە پەیوەندارەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان ھاتنە سەر خەت و بە شیعە و سوننەوە ڕووداوەکەیان شەرمەزار کرد، ئەگەر لە لایەک بۆ ئێمە دڵگرانییە و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانمان دەکرێت، لە لایەکیش خۆشحاڵین لایەنە عێراقییەکان ھەڵوێستیان ھەیە."

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: "کورد و شیعە خەباتی ھاوبەشیان ھەیە لە دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس و لە زۆر وێستگەی ژیاندا خەبات و ھەڵوێستی ھاوبەشیان ھەبووە، لە پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دیار بوو بەفەرمی و بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە داوای کرد ددان بەخۆدا بگرن."

زیرەک کەمال ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەدرێژاییی مێژوو ململانێی وەھا لە نێوان کورد و عەرەبدا نەبووە و ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ برایەتی و پێکەوەژیانن لەنێوان ھەموو پێکھاتەکان و ھیچ درۆشمێکیان نەبووە دژی ھیچ نەتەوە و پێکھاتەیەکی عێراق بێت، توندڕۆیی ھەر فۆڕم و ناو و شوناسێکی ھەبێت ھیچی پێ نییە و خزمەت بە نەتەوەی خۆیشی ناکات، ھەر ھەوڵێک لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەبێت بە تێکدانی برایەتیی نێوان گەلانی عێراق ئەوە بێگومان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ڕێگەی پێ نادرێت."

قائید میرۆ