Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەربارەی سووتاندنی بارەگای پارتی و ئاڵای کوردستان بۆ KDP.info دەدوێن

بەغدا - KDP.info - سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەڵێن، ئەو گرووپ و لایەنانەی گێرەشێوێنی دەکەن و بارەگا دەسووتێنن و هێرش دەکەنە سەر شاندە دیپلۆماسییەکان، ئامانجیان بێهێزکردنی سەروەریی یاسایە لە عێراقدا.

لەو بارەیەوە، مەشعان جبووری، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی دەڵێت: "ئەوانەی دەست دەدەنە سووتاندنی بارەگای پارتی و بۆردوومانکرنی باڵیۆزخانەکان و ڕفاندنی کەسە سڤیل و ڕاستگۆکان و هێرشکردن بۆ سەر ئەو کەسانەی جیاواز لەوان بیر دەکەنەوە، ئامانجیان لە هەڵگرتنی چەک نەهیشتنی سەروەریی وڵاتە."

جبووری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "دەبێ حکوومەت ڕێگە بەم کارە گێرەشێوێنییانە نەدات کە دەست بەسەر ماڵ و مڵکی گشتیدا بگرن، ئەوەی ئەم گرووپانە دەیکەن نەک تەنیا بۆ سەر بارەگایەک، بگرە بۆ سەر تەواوی عێراق و ناوچەکە مەترسیدارە."

میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری دیاری عێراقییش دەڵێت: "ئامانجیان لەو کارەی لە بەغدا لە دژی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی کردیان دروستکردنی فیتنە و چاندنی عەقڵیەتی شەڕە لە عێراقدا."

ئالووسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دەبی دامەزراوەکانی عێراق ڕێگە بەم کارە تیرۆریستییانە نەدەن، چونکە ئەمانە هەڕەشەن بۆ سەر پێکەوەژیانی سیاسی و  کۆمەڵایەتی."

لە لایەکی تریشەوە، دکتۆر عەلا مەکی، ئەندامی ھاوپەیمانیی نیشتمانیی سوننە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە لە عێراق ڕێز لە ھەموو پارت و ڕایەکی سیاسی بگیرێت و ھەر لێکتێنەگەیشتنێکیش ھەبێت پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت نەک بە توندوتیژی و، ئەوە بەرەو ھەڵبژاردن دەچین پێویستە زیاتر ڕێز لە یەک بگرین و ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانە و پێویستە عراقیش چاو لە ئەوان بکات و ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکان بگرێت."

دکتۆر عەلا مەکی گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی سەرکەوتوو بووە و ھەمیشە پاڵپشتیی عێراقی کردووە بۆ سەقامگیری، بۆیە ئەوەی کراوە پێویستە حکوومەتی عێراق بێدەنگ نەبێت و لێکۆڵینەوەی ورد بکات و سزای ئەوکەسانە بدات کە ئەوکارەیان کردووە و بارەگای پارتی و ئاڵای پارتی و ئاڵای کوردستانیان سووتاندووە، چونکە ناکرێت بگەڕێینەوە بۆ ٢٠٠٣."

مەکی باسی لەوەش کرد: "پێویستە چیتر ڕێگە بەو هێز و گرووپانە نەدرێت بە ئارەزووی خۆیان ھەرکارێک بیانەوێت بیکەن و سنوورێکیان بۆ دابنێن، بۆیە ئەم جارە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ نەدەن بەسەریانەوە بچێت و ئەوکێشەیە لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت."

بڵند ئیبراھیم- کاروان باعەدری