Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆژەکانی حکوومەت لە بوارەکانی کارەبا و ڕێگاوبان لە سنووری مێرگەسۆر بەردەوامن

مێرگەسۆر-KDP.info- قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ڕایگەیاند، بەپێی خواست و ئالیەتی شوێنەکان چەند پڕۆژەیەکی ئاو و ئاوەڕۆ لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

غەفوور ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئێستا چەند پڕۆژەیەکی ئاو لە ھەندێک گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لەلایەن فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆرەوە لە قۆناغی جێبەجێکردندان کە لەسەر  بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر بڕی گوژمەکە بۆ پرۆژەکان دابین کراوە."

غەفوور ئەحمەد ئەوەیشی ڕاگەیاند: "پڕۆژەکانی حکوومەت بەردەوامن لە سنوورەکەمان، لە بوارەکانی کارەبا و ڕێگاوبان لە ماوەی ڕابردوودا وێستگەیەک لە ناحیەی شێروان مەزن کرایەوە، کە گرفتەکانی کارەبای چارەسەر کردووە، ھەروەھا ئێستا بە گوژمەی 500ملیۆن دینار چەند ڕێگایەک قیڕتاو دەکرێن و بەشێکی دیکەش نۆژەن دەکرێنەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێرەوە."

ناوبراو دەشڵێت: "پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە بواری ئاو کە 51 گوند لەخۆ دەگرێت لە دەڤەری بارزان بەھۆی قەیرانی دارایی کارەکانی وەستاوە، بەڵام لە داھاتوودا کاری لەسەر دەکەین کە بەزووترین کات کارەکانی ئەو پرۆژەیە بخرێتەوە کار بە شێوەیەکی تەواو گرفتی کەمئاوی لە گوندەکان چارەسەر دەکات."

 

سیروان سابیر