Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سووتاندنی بارەگای پارتی و ئاڵای كوردستان و پارتی، پیلانبۆداڕێژراو بووە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند ، ھێرشكردنە سەر بارەگای پارتی و سووتاندنی ئاڵای كوردستان و پارتی، پیلانبۆداڕێژراو بووە و دەشڵێ، ئەو میلیشیایانە، بۆ سەر ئاشتی و پێكەوەژیان، مەترسین، بۆیە پێویستە حكوومەت بە زوویی لێكۆڵینەوە بكات و ئەو كەسانە بگرێت و بۆ ڕای گشتی ئاشكرایان بكات و سزایان بدات.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە ھەم وەكو حیزب و ھەم وەكو حكوومەت و فراكسیۆنە كوردستانییەكان، كە ئەو كەسانەی ھێرشی سەر بارەگای پارتییان كردووە و ئاڵای كوردستان و پارتییشیان سووتاندووە، بە زوویی رێكار بەرامبەر ئەو كەسانە بگیرێتە بەر و بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن و سزایان بدات، چونكە ئەوەی كراوە، دەستدرێژیكردنە بۆ سەر ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە پێویستە رێكاری یاسایی بەرامبەر ھەردوو جۆرە كردەوەی یاساشكێنی بگیرێتە بەر، چونكە دوو ئاڵا سووتێندراون".

سەبری گوتیشی: "ئەو كارەی كراوە، بێ بیانوو بووە و پیلانی بۆ داڕێژراوە، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەین بەپەلە لێكۆڵینەوە بكەن و بكەرانی ئەم تاوانە سزا بدەن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش كرد، ئەو ھێزە میلیشیایانە، بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و پێكەوەژیان و دیموكراسی و بنەما دیموكراسییەكان، چونكە ناكرێت ھەر جارە و ھێرشی سەر شوێنێك بكەن.

 

بڵند ئیبراھیم