Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەلاماردانی بارەگای پارتی لە بەغدا ئیدانە دەکات

ئەمریکا-KDP.info- مۆرگان ئۆتاگۆس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەوی ڕابردوو، لەبارەی پەلامار و سووتاندنی بارەگای پارتییەوە لە لایەن لایەنگران و ئەندامانی حەشدی شەعبییەوە لە بەغدا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن ئەندامانی حەشدی شەعبییەوە لەبەغدا بە توندی ئیدانە دەکات. 

بەیاننامەکە دەڵێت: بواری قسەکردن و ڕەخنەگرتنی ئازادانە، بەشێکی زیندووە لە هەر دیموکراتییەکدا، پێویستە حزبە سیاسییەکان، توانای بەشداریکردنیان هەبێت لە گفتوگۆیەکی بەهێزدا دوور لە هەڕەشەی میلیشیا و چەقۆکێشەکان. 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: گێرەشێوینییەکانی میلیشیاگەلی سەر بە ئێران کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراقدان، کار بۆ خوڵقاندنی ناکۆکییە ئەتنی و تائیفییەکان و بەرتەسکردنەوەی دیموکراسی دەکەن. 

بەیاننامەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: بە جیدی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لەم دۆخە هەستیارەی عێراقدا کە ڕووبەڕووی پەتا و  قەیرانی ئابووری و هەڕەشەی بەردەوامی داعش دەبێتەوە، بە بەرپرسیارێتییەوە رەفتار بکەن.