Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرەڤان حەمدی: چاوەڕێین بڕیار لە بەرژەوەندیی زیندانییانی سیاسی بدرێت

ھەولێر-KDP.info- نزیکەی شەش مانگە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مینحەی مانگانەی زیندانییانی سیاسیی ڕاگرتووە و بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێت، ئەوانەی دوو مووچەیان ھەیە یەک مووچەیان پێ دەدرێت و ئەوانەیشی تەنیا لە یەک مووچە سوودمەندن حکوومەت بڕیارێک لە بەرژەوەندیی ئەوان دەردەکات.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "زیاتر لە پێنجھەزار زیندانیی سیاسی سوودمەند بوونە لە وەرگرتنی مینحەی مانگانەی زیندانیی سیاسی، بەڵام لە چوارچێوەی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١١ی زیندانییانی سیاسی و یاسای چاکسازیدا ئەوانەی ١٠ ساڵیان تەواو کردووە و مینحەکانیان ڕاگیراوە، ئەوانە دوو بەشن ھەندێکیان دوو مووچەیان ھەیە و ھەندێکیان تەنیا یەک مووچەیان ھەیە، ئەوانەی لە دوو مووچە سوودمەندن سەرپشک دەکرێن کە یەکێکیان ھەڵبژێرن و دوو مووچەیی نامێنێت."

بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت: "ئەوانەی تەنیا لە یەک مووچە سوودمەندن و ١٠ ساڵیان تەواو کردووە ئێمە داواکاریی خۆمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی ئەوان بدرێت و چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین."

لەبارەی داواکاریی زیندانییان بۆ ئەوەی مینحەکەیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا، حەمدی گوتی: "ئێمەیش لەگەل ئەوەداین شایستەکانی کەسوکاری شەھیدان و زیندانییان سیاسی بەپێی دەستوور لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە خەرج بکرێت و داواکاریمان پێشکەش بە حکوومەتی فیدڕال کردووە، بەڵام حکوومەتی فیدڕال تا ئێستا ئامادەییی تێدا نەبووە."

پەیوەست بەوەی خەرجکردنی مینحەی زیندانییانی سیاسی لە ١٠ ساڵەوە درێژ بکرێتەوە بۆ ٢٥ ساڵ، بەرەڤان حەمدی ڕوونی کردەوە: "بەپێی یاسا ھەتا ١٠ ساڵ زیندانیان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی مینحە، بەڵام داواکارییان بۆ درێژکردنەوەی تا ٢٥ ساڵ پێویستی بە ڕاستکردنەوەی یاسای زیندانییانی سیاسی ھەیە."

 

قائید میرۆ