Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پرسەنامەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند عەباس ژاژڵەیی

بەڕێزان خانەوادەی هونەرمەند و شانۆكار (عەباس ژاژڵەیی)

خەمباربووین بەبیستنی هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی گەلەكەمان (عەباس ژاژڵەیی) بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و بنەماڵە کوردپەروەرەکەتان و سەرجەم هونەرمەندان دەكەین.

هونەرمەند(عەباس ژاژڵەیی)لە ساڵی (1950)لە دایك بووە و قۆناغەكانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوكردووە، لە ساڵی(1958) بۆیەکەم جار بەشداری كاری شانۆیی كردووە و، لە ساڵی(1970)لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو(حاجی مەكی)تیپی شانۆی سەندیكای كرێكارانی پێكهێناوە.
هونەرمەندی خوالێخۆشبوو(عەباس ژاژڵەیی)یەكێك بوو لەو هونەرمەندە ناسراوانەی کە خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و كادیری دڵسۆزی پارتیمان بوو، هەروەها وەك رێكخەر و هەڵسووڕێنەری كارای كاری پیشەیی كەسایەتییەكی ناسراوی بواری هونەر و شانۆ بوو و رۆڵی کاریگەری لەناو چەندین رێکخراو و سەندیکای ھونەری و رۆشنبری گێڕاوە و لەو رێگایەوەش خزمەتێكی زۆری بەم بوارە كردووە و، خاوەن ئەرشیف و گەنجینەیەكی دەوڵەمەندی تایبەت بەخۆیەتی.

هونەرمەندی خوالێخۆشبوو وێڕای ناڕەحەتی و چەندینجار دەربەدەری و ئاوارەیی لەبەر ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی، بەردەوامبوو لەسەر رێباز و بیروباوەڕە نەتەوەیی و رێچکە ھونەریەکەی تا دواساتەکانی ژیانی، بەداخەوە کۆچی دوایی زیان و کەلێنێکی گەورەیە لە بواری هونەر و شانۆی كوردیمان. ئومێدەوارین هاوخەمیی هونەرمەندان و شانۆكار و هاوپیشە و ھەڤاڵانی هونەرمەندی كۆچكردوو مایەی دڵنەوایی و سەبووری ئێوە و گشت لایەك بێت.

جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەكەینەوە و لەخودای گەورە داواكارین سەبووری بەهەموو لایەك ببەخشێت وگیانی كۆچكردوویش بەبەهەشتی بەرین شاد بكات..
انا للە وانا الیە راجعون

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٦ـی٩ـی٢٠٢٠