Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەت: سبەینێ پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق وەجبەی دووەمی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی تەرخان كرد، سبەی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەولێر دابەش دەكرێت و پارەكەش ئامادەیە، كە ٨ ملیار و ٨٥٠ ملیۆن دینارە.

نەوزاد شێخ كامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق رەزامەندیی لەسەر تەرخانكردنی پارەی وەجبەی دووەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم دەربڕی، سبەی لە ھەولێر دەست بە دابەشكردنی پارەكە دەكرێت بەسەر جووتیاراندا و، ھەندێك رێكار ماون تەواو بن، لە دھۆك و سلێمانیش دەست پێدەكات.

شێخ كامیل گوتیشی، ئەوەی ھەولێر ٨ ملیار و ٨٥٠ ملیۆنە و، ئەوەی سلێمانی ١٣ملیار و٦٠ملیۆن و هیی دھۆكیش ٨ ملیار و ٦٠ملیۆنە، بۆیە ھەر كاتێك ئەو رێكارە كەمانەی كە ماون تەواو بن، لە دھۆك و سلێمانیش دەست بە دابەشكردنی پارەكە دەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم